بەهۆی رەتکردنەوەی ژنی دووەم؛ پیاوێک هاوسەری یەکەمی کوشت و هەوڵی کوشتنی کچەکەیشی دا
  2026-07-01       284       

داواکاری پیاوێک بۆ نیشتەجێکردنی هاوسەری دووەم لە ماڵی هاوسەری یەکەمی، بوە هۆی تاوانێکی دڵتەزێن، دوای ئەوەی پیاوەکە بە تەقەکردن هاوسەری یەکەمی کوشت و هەوڵی کوشتنی کچەکەیشی دا، کە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لە مردن رزگاری بوو.

ئاوێنە: دادگا وردەکاری ئەم تاوانەی بەپێی دانپێدانانی تاوانبارەکە و پشکنینەکان بڵاوکردووەتەوە، ​بەپێی دانپێدانانی تاوانبارەکە، لە رۆژی رووداوەکەدا بەرەو ئەو شوێنە چووە کە هاوسەری یەکەمی کاری تێدا کردوە، دەمانچەیەکی پێ بوە بە مەبەستی ترساندنی، دوای ئەوەی هاوسەری یەکەمی داواکارییەکەی بۆ نیشتەجێکردنی هاوسەری دووەمی لەو شوێنەدا (کە دەکەوێتە ناو ماڵەکەوە) رەتکردبووەوە. لەوێ گفتوگۆکە گەرم بووە و تاوانبارەکە تەقەی لێکردووە و فیشەکێک بەر سەری کەوتووە و دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە.

​تاوانبارەکە دەشڵێت: "دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، هەڵهاتم بەرەو شەقامی گشتی، لەوێ تووشی کچەکەم بووم کە هاواری دەکرد و دەیگوت: بۆچی دایکمت کوشت؟ دواتر چەکەکەم ئاراستەی ئەویش کرد و سێ فیشەکم تەقاند، بەڵام توانی هەڵبێت و خۆی بشارێتەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی رزگاری بێت و نەیکوژم".

​دوای ئەوە، تاوانبارەکە هەڵهاتووە و ئۆتۆمبێلێکی جۆری "ئۆپڵ ئۆمێگا"ی بەبێ ئاگاداری خاوەنەکەی بردووە. دوای بڕینی مەودایەک، بەهۆی تەواوبوونی بەنزینەوە ئۆتۆمبێلەکەی بەجێهێشتووە و ئۆتۆمبێلێکی دیکەی جۆری "سۆناتا"ی راگرتووە و داوای لە شۆفێرەکە کردووە بیگەیەنێتە ماڵی هاوڕێیەکی. لەوێ داوای لە هاوسەری هاوڕێکەی کردووە پەیوەندی بە مێردەکەیەوە بکات بۆ ئەوەی بێت، بێ ئەوەی وردەکاری تاوانەکە بۆ ئەوان باس بکات. دوای نزیکەی کاتژمێرێک، هێزێکی ئەمنی هەڵیکوتاوەتە سەر شوێنەکە و دەستگیریان کردووە.

​لای خۆیەوە، دادگا گوێی لە وتەی کەسوکاری قوربانییەکە و کچەکەی گرتووە، کە دووپاتیکردەوە باوکی دایکی کوشتووە و هەوڵی کوشتنی ئەوشی داوە. بەپێی بەڵگەکان و دانپێدانانی تاوانبارەکە و شایەتحاڵان و راپۆرتی پزیشکی دادوەری، دادگا بڕیاری سزای لەسێدارەدانی بۆ تاوانبارەکە دەرکرد، بەپێی مادەی 406/1/ز لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×