لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ یەکخستنی دۆسیەی قوربانیانی ڕژێمی پێشوو، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەسەر پێویستیی بەدەستهێنانی مافە دارایی و یاساییەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کردەوە و ڕایگەیاند، قوربانیدانی گەلی کورد لە بەرامبەر ستەم، بنەمایەکی گرنگە بۆ قەرەبوکردنەوەی دادپەروەرانەیان.
ئاوێنە: ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشوازی لە عەبدوڵڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد. لەو دیدارەدا کە وەلید عەبدولحەسەن سەهلانی، سەرۆکی دەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەسەر کۆمەڵێک دۆسیەی هاوبەش کراو کە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە مافەکانی قوربانیانی شاڵاوەکانی ئەنفال و زیندانیانی سیاسییەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کرایەوە. ئامانج لەم هەماهەنگییە، دڵنیابوونە لەوەی کە ئیمتیازاتە دارایی و یاساییەکان بەشێوەیەکی یەکسان و بێ جیاوازی بەسەر سەرجەم توێژەکاندا دابەش دەکرێن.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق پاڵپشتیی تەواوی حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەو دامەزراوانە دەربڕی کە ئەرکیان کۆکردنەوە و پاراستنی بەڵگەنامەکانی جینۆسایدە. زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەوڵانە گرنگییەکی ستراتیژییان هەیە بۆ زیندوو ڕاگرتنی یادەوەریی نیشتمانی و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی نەوەکانی داهاتوو لەسەر ئاست و قەبارەی ئەو تاوانانەی ڕژێمی پێشوو ئەنجامی داون.
سەرۆک وەزیران لە پەیامێکیدا لەبارەی دۆسیەکە وێڕای دەربڕینی هاوخەمی، ڕایگەیاند: "گەورەیی قوربانیدانی گەلی کورد لە بەرامبەر ستەمی دیکتاتۆریەت بەرز دەنرخێنم و بە بنەمایەکی گرنگ سەیری دەکەم بۆ ئەوەی پرۆسەی قەرەبوکردنەوەی کەسوکاریان بە شێوازێکی دادپەروەرانە و ڕێزلێگیراوانە بەڕێوەبچێت".
ئەم کۆبوونەوەیە وەک هەنگاوێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەبینرێت، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە ڕۆتین و بەربەستە یاساییەکانە لەبەردەم وەرگرتنی مافی یاسایی قوربانیانی ئەنفال و زیندانیانی سیاسی.