راوێژکاری زه‌یدی: پاره‌ دزراوەکانی عێراق زیاتر له‌ دو تریلیۆن دۆلاره‌
  2026-07-02     

راوێژکاری یاسایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای دەکات، هەڵمەتی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هیچ هێڵێکی سووری نییە و بەرپرسانی باڵا و پەرلەمانتاران دەگرێتەوە، جەختیش دەکاتەوە کە دادگاییکردنەکان بە کراوەیی و لەبەردەم رای گشتیدا بەڕێوە دەچن.

ئاوێنە: ​دادوەر مونیر حەداد، راوێژکاری یاسایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "عێراقییە نیوز" ڕایگەیاند: قەبارەی ئەو پارانەی لە دوای ساڵی 2003وە تا ئێستا لە عێراق دزراون یان بەهەدەر دراون، زیاتر لە دوو ترلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە، ئاماری دەستگیرکراوەکان ڕۆژانە لە هەڵکشاندایە و هیچ ژمارەیەکی کۆتایی بۆ دەستگیرکراوەکان نییە.

​حەداد ئاشکرای کرد کە لیستی داواکراوان و تۆمەتباران تەنها فەرمانبەرانی ئاسایی ناگرێتەوە، بەڵکو بەرپرسانی ئێستا و پێشوو، پەرلەمانتاران و ئەندامانی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمان لە سەرجەم پێکهاتەکان (شیعە، سوننە و کورد) لەخۆدەگرێت.

​بە وتەی راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران، بەشێک لەو تۆمەتبارانە لە ڕێگەی "هەڵاوسانی نائاسایی سەروەت" و کڕینی موڵک و ماڵی زۆر بە ناوی خۆیان و خێزانەکانیانەوە تێوەگلاون، کە لە ڕووی یاساییەوە وەک تاوانی سپیکردنەوەی پارە سەیر دەکرێن. هەروەها ڕەخنەی توندی لەو دیاردەیە گرت کە هەندێک کەس بەبێ لێهاتوویی پیشەیی، تەنها بۆ داپۆشینی دزییەکان گەیەندراونەتە پۆستی بریکاری وەزیر.

​سەبارەت بەو تۆمەتبارانەی هەوڵی ڕاکردن دەدەن، حەداد ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێک لە داواکراوان هەوڵیان داوە بەرەو دەرەوەی عێراق یان هەرێمی کوردستان هەڵبێن، بەڵام لە چوارچێوەی هەماهەنگیی ئەمنیدا، تا ئێستا هەرێمی کوردستان هەشت تۆمەتباری ڕادەست کردوونەتەوە.

​حەداد جەختی لەوە کردەوە کە هیچ فشارێکی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی ئەم هەڵمەتە نییە، بەڵکو پاڵپشتییەکی بەهێزی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراقدا هەیە. لەبارەی داهاتووی ئەم دۆسیانەشەوە وتی: "هەڵمەتەکە حەتمەن دەگاتە قۆناغی دادگاییکردنی ئاشکرا و دانیشتنی کراوە، ڕێک وەک ئەو دادگاییکردنانەی پێشتر بۆ ڕژێمی پێشوو ئەنجامدران، تا هاوڵاتیان لە وردەکارییەکەی ئاگادار بن."

​هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە تەواوی ئەو پارە و موڵکانەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت، دەگەڕێندرێنەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت، هەڵمەتەکەش بەبێ هیچ جیاکارییەک سەرجەم پارێزگاکان، لەوانەش بەسرە، ناسریە و عەمارە دەگرێتەوە و هیچ وادەیەکی دیاریکراویش بۆ کۆتاییهاتنی ئەم ڕاوەدونانە نییە.

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×