بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەرھەمی گەنم و پەتاتەی ئەمساڵی ناوخۆ زۆر باشە و پێشبینی دەکرێت بگاتە دوو ملیۆن تۆن.
ئاوێنە: زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ”ڕێککەوتنمان لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا ھەیە بۆ ئەوەی بەرھەمی کشتوکاڵیی ھەرێمی کوردستان ڕەوانەی عێراق بکرێت، بەڵام بەداخەوە لە زۆربەی بازگەکانی عێراقدا تا ئێستاش ڕێگری لە چوونی بەرھەمی ناوخۆ دەکرێت”.
وتیشی: “لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، چونکە ناکرێت ڕێگری بەردەوام بێت و بە نووسراوی فەرمیش حکوومەتی عێراقمان ئاگادار کردووەتەوە، ھیوادارم بە جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسیکۆدا) بە تەواوی کۆتایی ئەو کێشەیە بێت”.
زێدا محەمەد ڕاشیگەیاند، ”ئێستا کاتی پێگەییشتنی بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانە و کاری جدی دەکەین ڕێگری لە چوونی بەرھەمی ناوخۆ نەکرێت و بازاڕی شایستە بۆ بەرھەمەکان بدۆزرێتەوە و ساخ بکرێتەوە، چونکە بەرھەمی ناوخۆ لە پێداویستی زیاترە و بۆ عێراق ڕەوانە دەکرێت، بۆیە ئەمساڵ چاوەڕێ دەکرێت داھاتی جووتیاران زۆر باش بێت”.
ئاماژەشیدا بەوەی پێشبینی دەکرێت بەرھەمی گەنم و پەتاتەی ئەمساڵ بگاتە دوو ملیۆن تۆن.