پاشەکشەی سیاسیی هەسەدە: کوردانی سەر بە هەسەدە لە پەرلەمانی نوێی سوریا پەراوێز خراون
  2026-07-02       335       

دوابەدوای پرۆسەیەکی درێژخایەنی هەشت مانگی، پەرلەمانی نوێی سوریا کە لە 210 ئەندام پێکهاتووە، دەرگای خۆی بۆ یەکەم کۆبوونەوە لە هەفتەی داهاتوودا دەکاتەوە. ئەم پەرلەمانە لەکاتێکدا دەست بە کار دەکات کە 70 ئەندامی بە بڕیاری ڕاستەوخۆی "ئەحمەد شەرع"ـی سەرۆکی وڵات دیاری کراون، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی ئەو بۆشاییەی لە هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوودا دروست ببوو.

ئاوێنە: ​محەمەد تەها ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی باڵای دادوەری بۆ هەڵبژاردنەکان، ڕایگەیاند کە دانیشتنی یەکەم ڕۆژی دوشەممەی داهاتوو دەبێت. گرنگترین ئەرکی ئەم ئەنجومەنە لە ماوەی 30 مانگی داهاتوودا، دارشتنەوەی یاسایەکی نوێی هەڵبژاردنە بۆ ئامادەکاریی پڕۆسەیەکی دەنگدانی گشتی لە داهاتوودا.

​ئەحمەد شەرع بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەستنیشانکردنی پەرلەمانتارانی بە پێویست زانیوە بۆ ڕاستکردنەوەی ناهاوسەنگییەکان، بەتایبەت دوای ئەوەی هەڵبژاردنی مانگی تشرینی یەکەمی 2025 لەلایەن کوردەوە بایکۆت کرا و ناوچەی سوەیداش بەهۆی هەژموونی میلیشیاکانەوە بەشدارییان تێدا نەکرد.

​لیستی ئەندامە دەستنیشانکراوەکان کە لەلایەن سەرۆکەوە ڕاگەیەندراوە، جۆرێک لە فرەیی تێدایە و ژمارەی ژنانی پەرلەمانتاری بۆ 21 ئەندام بەرز کردووەتەوە. دیارترین ئەو کەسایەتییانەی کە لە لیستی سەرۆکایەتییدان بریتیین لە:

​عەبدولحەکیم بەشار: لە ئەنەکەسە.

​لەیس بەلعوس: لە ناوچەی سوەیدا.

​رۆزینا لازقانی: ئەکتەری ناسراوی دراما.

​گابریل موشێ گاوریێ: چالاکوانی ئاشوری.

​لارا قادیس: پارێزەری ئەرمەنی لە حەلەب.

​کەسایەتییە عەلەوییەکان: ژمارەیان گەیشتە پێنج ئەندام.

​نوا بۆنسی، لە گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، پێیوایە سەرەڕای ئەو دەستنیشانکردنانە، هێشتا پەرلەمان هەمەجۆریی پێویستی لە ئاستی واقیعی کۆمەڵگەی سوریادا نییە. بۆنسی جەخت لەسەر دوو ئاڵنگاری سەرەکی دەکاتەوە:

​ئەمنی: ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی گروپە چەکدارە نایاساییەکان و بەرەنگاربوونەوەی وتاری تائیفی و ڕق و کینە.

​دادپەروەریی ڕاگوزەری: پێویستیی دەرکردنی یاسایەک بۆ یەکلاییکردنەوەی تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو و پێشێلکارییەکانی ئەم دواییە.

ناڕەزایەتیی هێزە سیاسییەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان) بەرامبەر بەشێوازی پێکهێنانی پەرلەمانی کاتیی نوێی دیمەشق، لەچەند هۆکارو ڕەهەندێکی سەرەکییەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێگەی یاسایی‌و نەتەوەیی کورد دەخەنە ژێر پرسیارەوە.

پارتى یه‌كێتیى دیموكراتى (په‌یه‌ده‌)و هێزە سیاسییەکانی دیکەی سەر بەبەڕێوەبەریی خۆسەر ڕایانگەیاندوە، ئەو کەسایەتییە کوردانەی لەلایەن ئەحمەد شه‌رعه‌وه‌ یان لەڕێگەی لیژنە ناوچەییەکانەوە دەستنیشانکراون، تەنها نوێنەرایەتی کەسایەتیی خۆیان دەکەن‌و لەلایەن گەلی کوردەوە هەڵنەبژێردراون‌و پێیانوایە، دیمەشق لەجیاتی مامەڵەکردن لەگەڵ قەوارەو پارتە سیاسییە فەرمییەکان، پەنای بردوەتەبەر کڕینی دڵسۆزیی کەسایەتیی عەشایەریی‌و سەربەخۆ بۆ تێپەڕاندنی ئەجێنداکانی.

کورد ڕەخنە لەوە دەگرێت، پرۆسەی پێکهێنانی پەرلەمان لەڕێگەی دەنگدانی گشتیی‌و ڕاستەوخۆی گەلەوە نەبوە، بەڵکو لەڕێگەی کۆمەڵە لیژنەیەکی شه‌ش هەزار کەسییەوە بوە کە خۆیان لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندیی دیمەشقەوە دامەزرابون، هەرچەندە لەمانگی ئایاری ڕابردودا ڕێککەوتنێک بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی دۆزینەوەی نوێنەران لەنێوان کوردو دیمەشقدا واژۆکرا، بەڵام شێوازی دەرچونی ناوی ئەندامەکان نیشانیدا کە دیمەشق بەتاکلایەنانە بڕیار دەدات‌و بنەماکانی هاوبەشیی ڕاستەقینەی پێشێلکردوە.

لایەنە کوردییەکان مەترسیی ئەوەیان هەیە، ئەم پەرلەمانە کاتییە کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ کاردەکات‌و دەسەڵاتی داڕشتنی دەستوری نوێی هەیە، مافە نەتەوەییەکانی کورد وەک فیدراڵییەت یان دانی پێدانانی فەرمی بەزمان‌و کولتوری کوردیی، لەدەستوردا بسڕێتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×