لە دوای ئەو ئۆپەراسیۆنانەی چەند ڕۆژی ڕابردو کە تیایدا دەیان بەرپرس بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەکانی گەندەڵی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق دەستگیرکران، دەستەی نەزاهەی عێراق هەنگاوەکانی بۆ ڕێگریکردن لە بەقاچاغبردنی پارە چڕتر دەکاتەوە و لەگەڵ بانکی ناوەندی دەگاتە ڕێککەوتنێکی نوێ.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکان، محەمەد عەلی اللامی، سەرۆکی دەستەی نەزاهەی عێراق، لەگەڵ نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، لە کۆبونەوەیەکی هاوبەشدا ڕێککەوتون لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند بۆ داخستن و وشککردنی دەرچەکانی قاچاغی پارە. لەم دیدارەدا، جەخت لەسەر ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی دارایی هاوتەریب کراوەتەوە وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ بەدواداچونی دەستکەوتە نایاساییەکان و ئاشکراکردنی ڕێڕەوی تۆڕەکانی گەندەڵی.
هەروەها سەرۆکی دەستەی نەزاهە ئاماژەی بە گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کردوە بەمەبەستی پاراستنی سامانی گشتی و جێگیرکردنی بنەماکانی شەفافیەت لە سیستەمی داراییدا، تاوەکو بتوانرێت بە هەماهەنگیی هاوبەش سنورێک بۆ پێشێلکارییە داراییەکان و سپیکردنەوەی پارە دابنرێت.
لە بەرامبەردا، نزار ناسر، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دوپاتیکردەوە کە بەهێزکردنی هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا چاودێرییەکان هەنگاوێکی حەتمییە بۆ پاراستنی سامانی گشتی و کەمکردنەوەی پێشێلکارییەکان، هەروەها ڕۆڵی دەبێت لە گێڕانەوەی متمانە بۆ کەرتی دارایی عێراق.
ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ لێدوانێکی دادوەر مونیر حەداد، ڕاوێژکاری یاسایی، کە تێیدا ئاماژەی بە قەبارەی ئەو زیانە داراییانە کردوە کە بەر عێراق کەوتون. بە وتەی ناوبراو، لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا، بڕی ئەو پارانەی بەهۆی گەندەڵییەوە بەتاڵان براون، سنوری دوو ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاندوە. هەروەها ڕوونیکردەوە کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارانی دەستگیرکراو بەردەوامە و بەهۆی بەردەوامیی پرۆسەکەوە، ژمارەی دەستگیرکراوان لە زیادبوندایە و هێشتا ئامارێکی کۆتایی نییە.
سەبارەت بە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکانیش، ئاشکرا کراوە کە دانپێدانانی وردی تۆمەتبارە سەرەکییەکان بوەتە هۆی ئەوەی دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان بتوانن دەستگیرکردنی دیکەش ئەنجام بدەن و تۆڕەکان فراوانتر هەڵبوەشێننەوە.
جێی باسە، هەڵمەتی دەستگیرکردنەکان کە بەرەبەیانی یەکشەممەی ڕابردو لە ناوچەی سەوزی بەغدا و چەند شوێنێکی دیکە دەستیپێکرد، بوە هۆی دەستگیرکردنی ٤٧ کەس لە پەرلەمانتاران و بەرپرسان. ئەم ئۆپەراسیۆنە پاڵپشت بوو بەو دانپێدانانانەی کە عەدنان جەمەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت، دوای دەستگیرکردنی لە مانگی ئایاری ڕابردودا خستبونییە ڕوو.
عێراق کە لە دوای دەیان ساڵ لە قەیران و ململانێ هەوڵی سەقامگیری دەدات، تا ئێستاش بەدەست ئاستەنگەکانی بەڕێوەبردنی گشتییەوە دەناڵێنێت. سەرەڕای بەڵێنە بەردەوامەکانی حکومەت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم دیاردەیە، بەشێک لە چاودێران پێیان وایە کە زۆرجار لێپرسینەوەکان و سزاکان زیاتر بەرپرسانی ئاستی ناوەند دەگرنەوە و کەمتر دەگەنە لوتکەی دەسەڵات و سەردەستەکانی گەندەڵی لە وڵاتدا.