شاسوار عهبدولواحید، سهرۆكی جوڵانهوهی نهوهی نوێ له رێوڕهسمی ئیمزاكردنی رێككهوتنهكهیان لهگهڵ یهكێتی، رایگهیاند، رێككهوتنهكه دژی هیچ لایهنێك نییه.
ئاوێنه: شاسوار عهبدولواحید، سهرۆكی جوڵانهوهی نهوهی نوێ لهدوای ئیمزاكردنی رێككهوتنهكهیان لهگهڵ یهكێتی وتهیهكی پێشكهش كرد و رایگهیاند، ئەم ڕێککەوتنە سیاسییە دژى هیچ لایەنێک نییە و ئامانجی سەرەکی تەنیا بۆ خزمەتکردنی خەڵکە.
وتیشی، ئەگەر بەرژەوەندى خەڵک بخەنە پێشەوە، ئەوا هەموو لایەک سەرکەوتوو دەبن.
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ هۆشداریی دا لە دۆخی ئێستای هەرێم و ڕایگەیاند، هەرێمى کوردستان لە مەترسیدایە و ئەگەر فریای نەکەون، ئەم هەرێمە نامێنێت.
وتیشی، ئەم ساتەی ئێستا پێویستى بە ئازایەتى بڕیاردان هەیە و دەبێت هەموو لایەنەکان لەسەر ئەم دۆخە هەڵوێستیان هەبێت.
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێم، شاسوار عەبدولواحید وتی، نابێت چیتر یەک لایەن پۆستى سەرۆکى حکومەت و هەموو پۆستەکانى لە دەست بێت.
دوپاتیشی کردەوە کە پێویستە هەرێمى کوردستان بە ئیرادەى خەڵک بەڕێوەببرێت نەک بە ئیرادەی بنەماڵەیەک.
شاسوار عەبدولواحید ئاشکرایشی کرد کە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر نووسینى دەستور بۆ هەرێمی کوردستان ڕێککەوتوون، تاوەکو چوارچێوەی یاسایی بۆ حوکمڕانی دیاری بکرێت.
شاسوار عەبدولواحید ئامادەیی هاوپەیمانێتییەکەی نیشان دا بۆ کارکردنی پێکەوەیی و وتی، بەخێرهاتنى هەر لایەنێکی سیاسی دەکەن کە بیەوێت بێتە ناو ئەم هاوپەیمانییەوە بە مەبەستی گۆڕانکاری لە شێوازی حوکمڕانی.
سهرۆكی جوڵانهوهی نهوهی نوێ وتیشی، پەیامێكم هەیە بۆ لایەنەكانی ترو بۆ حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ نوخبەی رۆشنبیران؛ ئاگاداربن، بێلایەنی به واتای بێهەڵوێستییه.
شاسوار عەبدولواحید وتیشی: "حەزدەکەم وەڵامی ئەو کەسانە بدەمەوە کە دەڵێن ئەمە رێککەوتنی زیندانە، پێش ئەوەی بێینە ژورەوە بە کاک بافڵم وت: خۆزگە ساڵێک لەمەوبەر رێککەوتباین، ئەویش وتی: وەڵاهی تۆ کردت ئێمە نەمانکرد. ئەگەر لە زیندانیش کرابێ، ئەوەتا ئۆجەلان لە زیندانەوە دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی تورکیا دەکات، ماندێلاش لە زیندانەوە.. بەشێکی زۆری سەرکردەکانی جیهانیش لە زیندانەوە" دانوستانیان كرد.