پارتی یەکێتیی دیموکرات-پهیهده نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە میکانیزمی پێکهێنانی پهرلهمانی سوریا دەردهبڕێت و جەخت دهكاتهوه کە پرۆسەکە ڕەنگدانەوەی نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینەی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سوریا بەتایبەت پێکهاتەی کورد ناكات و داوای پەیڕهوکردنی ڕێبازێکی دیموکراتی دهكات کە هاوبەشیی نیشتمانی و نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا مسۆگەر بکات.
ئاوێنه: پارتی یەکێتیی دیموکرات- پهیهده، له راگهیهندراوێكدا وتی، ئێمە چاودێری ڕاگەیاندنی تەواوبونی پێکهاتەی پهرلهمانی سوریامان کرد، لە ڕێگەی دەستنیشانکردنی یەک لەسەر سێی ماوەی ئەندامەکانی، وەک هەنگاوێک لە چوارچێوەی پرۆسەی گۆڕانکاری سیاسی کە وڵات دوای قۆناغێکی درێژخایەن لە حوکمی بەعس بەخۆیەوەی دەبینێت.
وتوشیهتی، ئێمە لە کاتێکدا درک بە گرنگی قۆناغی ڕاگوزەری هەستیار دەکەین کە سوریا پێیدا تێپەڕ دەبێت، کە ئەمەش وادەکات پێویست بێت هەوڵەکانی هەمو ڕۆڵەکانی گەلی سووریا بە سەرجەم پێکهاتە، نەتەوە، ئایین و مەزهەبەکانیانەوە یەکبخرێن، جەخت دەکەینەوە کە بونیادنانی سوریای نوێ و دامەزراوەکانی دەبێت پشت بە ئیرادەی سەرجەم سورییەکان ببەستێت، و لە ئاستی قوربانییەکانی شەهیدان و هیوای نەوەکانی داهاتودا بێت.
ئهوهشی خستۆتهڕو، لەم سۆنگەیەوە، جەخت دەکەینەوە کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە ڕێبازێکی دیموکراسی هەیە کە لەسەر بنەمای بەشداریی ڕاستەقینە و هاوبەشیی نیشتمانی بێت، بەدور لە عەقڵیەتی قۆرخکاری، هەژمونگەری و ئهو بڕیارە تاکلایەنانەی کە بەسەر کۆمەڵگەی سوریادا دەسەپێنرێن، هەروەها بەدور لە پێداگری لەسەر چەسپاندنی مەرکەزییەتی دەوڵەت و دوبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەو سیاسەتانەی کە شکستی خۆیان سەلماندوو. چونکە ئەم جۆرە کارکردنانە لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغی ڕاگوزەردا ناگونجێن و نابنە مایەی بونیادنانی متمانە لە نێوان سورییەکاندا، بەڵکو دۆخی پەراوێزخستن قوڵتر دەکەنەوە و دەرفەتەکانی گەیشتن بە چارەسەرێکی نیشتمانیی گشتگیر لاواز دەکەن.
هێمای بۆ ئهوهش كردوه، لهم چوارچێوهیهدا، نیگەرانیی قوڵی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بەو پرۆسەیەی کە هاوکات بو لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەندامانی پهرلهمان و ئەوەی بەدوایدا هات لە تەواوکردنی دەستنیشانکردنی یەک لەسەر سێی ماوە، هەروەها ئەو مەترسییە جدییانەی کە ئەم هەنگاوە دروستیکردن سەبارەت بە بەردەوامیی ڕێبازی پەراوێزخستن و بێبەشکردن، بەتایبەتی دەرهەق بە پێکهاتەی کورد لە زۆرێک لە شارەکانی سوریا، بەتایبەت لە پارێزگای حەسەکە و ئەو شارانەی کە زۆرینەیان کوردن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کورد بەشێکی ڕەسەنە لە مێژوی سوریا، ناسنامەی نیشتمانی و هەمەجۆریی سیاسی و کولتوریی وڵاتەکە.
جهختیشی كردۆتهوه كه لەکاتێکدا سورییەکان چاوەڕوانی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ڕابردو و بونیادنانی داهاتویەکی دیموکراسیی هاوبەشن، نەبونی نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی کورد لەپهرلهماندا، لێكدژه لەگەڵ ڕۆحی قۆناغی ڕاگوزەردا و ڕەنگدانەوەی ئیرادەیەکی جدی نییە بۆ بونیادنانی سوریایەک کە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبونی یەکسان، دادپەروەری و هاوبەشی لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانیدا بێت، بەدور لە سیاسەتەکانی دورخستنەوە و پەراوێزخستن کە سورییەکان بۆ چەندین دەیە بەدەستیەوە ناڵاندویانە.
پهیهده ئاماژهی بهوهشداوه، هەروەها، میکانیزمی هەڵبژاردنی ئەندامانی پهرلهمان پشتی بە نوێنەرایەتیکردنی ئیرادەی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە نەبەستوهو ڕەنگدانەوەی داخوازییەکانی پێکهاتە جیاوازەکان نەبوه، ئەمەش پرسیاری ڕەوا لەسەر ئاستی گشتگیریی ئەم پرۆسەیە و باوەڕپێکراویەکەی دروست دەکات.
جەختیشی كردۆتهوه کە هەر پرۆسەیەکی سیاسیی جدی، پێویستی بە هەڵبژاردنی ئەو کەسایەتییانە هەیە کە گوزارشت لە ئیرادەی ئازادی کۆمەڵگەکانی خۆیان بکەن، متمانەی ئەوانیان هەبێت و توانای نوێنەرایەتیکردنی دۆسیەکانیان و داکۆکیکردن لە مافەکانیان ههبێت و بەشداریی کاریگەر لە داڕشتنی داهاتوی وڵاتدا بکەن.
جەختیشی كردۆتهوه کە بەشداریی کورد لە پهرلهمان و لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، دەبێت بەشدارییەکی کارا و ڕاستەقینە بێت، کە ڕەنگدانەوەی قەبارە و ڕۆڵی مێژویی ئەوان بێت لە سوریاداو مافە نەتەوەیی، سیاسی و کولتورییەکانیان دەستەبەر بکات لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دیموکراسی لامەرکەزیدا، کە لەسەر بنەمای دادپەروەری، یەکسانی و سەروەریی یاسا بونیاد بنرێت و ڕێز لە ئیرادەی سەرجەم پێکهاتەکانی بگرێت.
پهیهده له كۆتایی راگهیهندراوهكهیدا داوای كردوه پێداچوونەوە بەو ڕێبازەدا بکرێت کە پرۆسەی پێکهێنانی پهرلهمانی پێ بەڕێوەچو و دیدگایەکی نیشتمانیی دیموکراسی پەیڕهوبکرێت کە نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە و گشتگیر بۆ کورد و بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی سوریا لە دامەزراوە جیاوازەکانی دەوڵەتدا مسۆگەر بکات، بە شێوازێک کە سەقامگیری بەهێز بکات و بنەما بۆ سوریایەکی دیموکراسی لامەرکەزی دابنێت کە سەرجەم ڕۆڵەکانی لەسەر بنەمای یەکسانی تێیدا بەشدار بن، بەدور لە پەراوێزخستن و بڕیاری تاکلایەنە و بەجۆرێک کە کەرامەت و مافەکانی مرۆڤی سوری بپارێزێت.