"چل ڕۆژە دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام نەدراوە"
  2026-07-03       149       
عەبدوڵا ئۆجالان

وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند کە شاندەکەیان چل ڕۆژە نەیتوانیوە دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام بدات.

 

ئاوێنە: وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند "دەم پارتی بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بگاتە ئەنجام و زەمینەی دیموکراسی بەهێز بکرێت، بە هەستیارییەوە جووڵاوەتەوە. بەڵام بەداخەوە لەم ماوانەدا زانیاریی نادروست و بانگەشەی قبوڵنەکراو بڵاو دەکرێنەوە، کەچی بەرپرسانی دەسەڵات لە بەرانبەر ئەم زانیارییانە بێدەنگن. ئێمە لە سەرەتادا دەڵێین ئەگەر بنەمایەکی یاسایی نەبێت، مەترسی دێنە بەردەم پرۆسەکە. بۆیە دەبێت خشتەیەکی زەمەنی دیاری بکرێت. لەم ڕۆژانەی دواییدا زانیاریی ئەرێنیش هەن؛ لەسەر کاتی یاسای چوارچێوە لێکتێگەیشتنێک هەیە، بەڵام بۆ دیاریکردنی خشتە زەمەنییەکە هیچ شتێک دیاری نەکراوە. لێکتێگەیشتنەکە لەسەر ئەوەیە کە بەر لەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی هاوینە، یاسای چوارچێوە بخرێتە کارنامەی پەرلەمانەوە".

ڕاشیگەیاند "ئێمە چەندین جار گوتوومانە کە دەبێت هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالان بگۆڕدرێت. لەگەڵ ئەوەی کە ئەو دانوستانکاری سەرەکییە، بەڵام مەرج و بارودۆخی بەڕێز ئۆجالان نەگۆڕدراون. بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە دەبێت دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێنەوە و بەڕێز ئۆجالان بتوانێت لەگەڵ هەموو کەسێکدا دیداری هەبێت. سەرەڕای ئەوەی بەڕێز ئۆجالان پرۆسەکەی گەیاندووەتە ئەم قۆناغە، بەڵام مەرج و بارودۆخی باش نەکراون. گۆشەگیری هەم بەردەوامە و هەمیش دیدارەکان ئاستەنگ دەکرێن. بۆچی دەرگاکانی ئیمراڵی ناکرێنەوە؟ بۆچی شاندەکەی دەم پارتی ٤٠ ڕۆژە ناتوانێت لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان دیدار بکات؟ پێشنیازنامە بۆ ئێمە نەهاتووە. دەڵێن پێشنیازنامە بۆ بەڕێز ئۆجالان چووە و ڕەزامەندیی لەسەر داوە. بەڵام ئێمە چۆن ئەمە پشتڕاست بکەینەوە؟ شاندەکەمان ناتوانێت دیدار بکات. پارێزەران ناتوانن دیدار بکەن. ئێمە چۆن بزانین کە بەڕێز ئۆجالان ئەو پێشنیازنامەیەی قبوڵ کردووە؟ تەنیا ئەوە دەزانین کە لە ٢٥ی ئایاردا دیدارێک ئەنجامدراوە. ئێمە لەسەر ئاشتی سوورین و سووریش دەبین. ئێمە ئەم بڕیاردارییەی خۆمان بەردەوام دەکەین. ئەگەر ئێوە دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان بە ڕێکوپێکی ئەنجام نەدەن، ئەوا ڕێگە بۆ بنبەستبوونی پرۆسەکە خۆش دەکات. بەڕێز ئۆجالان دەڵێت: "دواخستنی پرۆسەکە مەترسی دروست دەکات".

 

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×