مەسعود حەیدەر، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق، لە لێدوانێکدا هێرشێکی توندی کردە سەر محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و کابینەکەی. ناوبراو سوودانی و تاقمەکەی بەوە تۆمەتبار دەکات کە هەستاون بە تاڵانکردنی خەزێنەی دەوڵەت و بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ پەردەپۆشکردنی گەندەڵییەکانیان.
ئاوێنە: بەگوێرەی وتەکانی مەسعود حەیدەر، ئەم کۆمەڵەیە کە ناوی "جەردە"ی لێناون، لە رێگەی تۆڕێکی فراوانی وەزیر و دەڵاڵەکانەوە کاریان بۆ بەتاڵانبردنی سامانی نیشتمانی کردووە. ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە کە ئەو تاقمە پیلانێکی رێکخراویان دژی بەرپرسە پاک و دڵسۆزەکان هەبووە، بەمەبەستی رێگریکردن لە ئاشکرابوونی دزی و تاڵانییەکانیان، بەتایبەت کە بەوتەی خۆی، زۆربەی ئەندامانی ئەو تاقمە سەر بە ئایدۆلۆژیای رژێمی پێشووی بەعسن.
سەبارەت بە ژمارە و داتاکانی خەرجیی حکومەت، مەسعود حەیدەر وردەکارییەکی مەترسیداری خستەڕوو و رایگەیاند: "لە ماوەی سێ ساڵی رابردووی حکومەتەکەی سوودانیدا، نزیکەی 420 ملیار دۆلار خەرج کراوە."
بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی ناوبراو، لەم بڕە پارەیە زەبەلاحە، بەلایەنی کەمەوە 140 ملیار دۆلاری بەهۆی گەندەڵی و دزییەوە بەهەدەر دراوە.
ئەم لێدوانەی مەسعود حەیدەر لە کاتێکدایە کە عێراق بەدەست قەیرانی دارایی و کێشەی شەفافیەت لە خەرجکردنی بودجەی گشتیدا دەناڵێنێت، چاوەڕوان دەکرێت ئەم تۆمەتانە دەنگدانەوەی گەورە لەسەر ئاستی سیاسی و شەقامی عێراقیدا دروست بکات.