وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نوێنەری وەزارەتەکەیان لە کۆبوونەوەکانی عێراق و تورکیا دەربارەی ڕێککەوتن لەسەر هەناردەکردنی نەوت بەشدار بوون و ڕێککەوتن لەسەر پرۆتۆکۆلی بەکارهێنانی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان-جەیهان بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف دەکات.
ئاوێنە: وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، شاندێکی باڵای عێراقی فیدڕاڵ، کە لە وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی نەوتی عێراق و نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوو، سەردانی پایتەختی تورکیا ئەنقەرەیان کرد بۆ گفتوگۆ لەسەر ڕێککەوتنی هێڵی بۆری نەوتی عێراق–تورکیا و بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاری لە کەرتی وزە.
ڕوونیشیکردەوە کە لەم سەردانەدا، ژمارەیەک کۆبوونەوە و دانوستاندنی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی لایەنی تورکی ئەنجامدرا، کە تیایاندا میکانیزمەکانی بەهێزکردنی هاوکاری دوولایەنە لە کەرتی وزە و ڕێگاکانی دڵنیابوون لە بەردەوامی هەناردەکردنی نەوت، دوای تەواوبوونی وادەی گرێبەستی هێڵی بۆری نەوتی عێراق–تورکیا، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات دابین بکات، بە وردی تاوتوێ کران.
ڕاشیگەیاند کە هەردوولا لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاوکاری ڕێککەوتن، هەروەها لەسەر داڕشتنی پڕۆتۆکۆلێکی جێبەجێکاری بۆ بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ماوەی یەک ساڵ هاوڕا بوون.
بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، لە ماوەی ئەو ساڵەدا گرێبەستێکی نوێ و درێژخایەن لەنێوان هەردوو وڵات ئامادە و واژوو دەکرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاشیگەیاند، ئەم پڕۆتۆکۆلە وەک هەنگاوێکی گرنگ و ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ گواستنەوەی هەردوو لایەن بۆ چوارچێوەی گرێبەستێکی نوێ کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان دابین بکات.