ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە ڕێگەی دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ڕایگەیاند: بەشێک لە کەسانی ساختەکار و فێڵباز لە ناوەندە فەرمی و نافەرمییەکاندا، دۆخی لێکۆڵینەوەی دۆسیەی "عەدنان محەممەد حەمود جومەیلی"، بریکاری پێشووی وەزیری نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، بۆ بەرژەوەندیی تایبەت و چەواشەکاری بەکاردەهێنن.
ئاوێنە: بەپێی ڕوونکردنەوەیەکی دادگا، ئەو کەسانە بە ئامانجگرتنی سەرمایەداران و بازرگانان، پەیوەندییان پێوە دەکەن و بە درۆ پێیان ڕادەگەیەنن کە ناویان لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکانی ئەم دۆسیەیەدا هاتووە؛ ئەمەش بە ئامانجی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ وەرگرتنی سەرانە و پارەی نایاسایی.
دادگای ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە توندی هۆشداری دەداتە سەرجەم هاووڵاتییان و سەرمایەداران کە بڕوا بەو جۆرە زانیارییە ناڕاست و هەوڵانە نەکەن، هاوکات داوا دەکات هەر حاڵەتێکی لەو شێوەیە دەستبەجێ بە ژمارە تەلەفۆنی (07718454304) ڕابگەیەنرێت.
لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی جەختی کردووەتەوە کە "توندترین ڕێکاری یاسایی" بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرێتەبەر کە هەوڵی شێواندنی ڕاستییەکان دەدەن یان دەیانەوێت متمانەی گشتی بە هەوڵەکانی دەسەڵاتی دادوەری و حکومەت لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا لاواز بکەن.
جێگەی ئاماژەیە، لە ڕێککەوتی 30ی ئایاری 2026، عەدنان جومەیلی بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا. لە دوایین ئاماریشدا کە لە 22ی حوزەیرانی هەمان ساڵدا بڵاوکرایەوە، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی ڕایگەیاند کە دەستیان گرتووە بەسەر بڕی 10 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، 31 ملیار دیناری عێراقی، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی 70 موڵک و خانووبەرەی ئەو بەرپرسە.