لەسەر ناردنی ١٢٠ ملیارەکە ئەمشەو کۆتا بڕیار دەدرێت
  2026-07-04       249       

بەگوێرەی وتەی بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێم، داوا کراوە داهاتی ناوخۆ لەسەر ئەو ژمارەی دیاریکراوە جێگیر نەکرێت، هەروەها کۆبوونەوەی ئەمشەوی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ مووچە و ١٢٠ ملیارەکە یەکلاکەرەوە دەبێت.

 

ئاوێنە: بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیای نزیک لە پارتی ڕاگەیاند "حکومەتی کوردستان بە نووسراوی فەرمی لە ڕێگەی وەزیرە کوردەکانەوە د. فوئاد حوسێن و خالید شوانی داوای لە فالح ساری کردووە کە ژمارەیەکی جێگیر فەرز نەکرێت، بەڵکو مانگانە لەسەر بنەمای تەرازووی پێداچوونەوە (میزان مراجعە) نیوەی داهاتە نانەوتییەکان ڕادەست بکرێت".

وتیشی "ئەگەر دوای جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا داهاتمان بەرز ببێتەوە بۆ ٣٠٠ ملیار دینار، ئامادەین ١٥٠ ملیار بۆ بەغدا بنێرین".

بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەشدا، کۆبوونەوەی ئەمشەوی عەلی زەیدی لە ئەنجومەنی وەزیران یەکلاکەرەوەیە؛ هەر بڕیارێک بدرێت، لە ڕۆژانی داهاتوودا پارەی مووچە دەنێردرێت.

ئاشکراشیکرد "ئەگەر ئەمشەو بڕیاری کەمکردنەوەکە بدرێت، وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر ئەو بنەمایە مووچە دەنێرێت. خۆ ئەگەر بڕیارەکە نەرێنی بێت، بەغدا ڕاستەوخۆ ١٢٠ ملیارەکە بەشێوەی مەقاسە لە پارەی مووچە دەگێڕێتەوە و باقییەکەی دیکەی دەنێرێت".
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×