لە کاتێکدا حکومەتی عێراق هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەستپێکردووە، ناوی "حەسەن کوردی" جارێکی دیکە وەک ناوێکی کاریگەر لە دۆسیەکانی گەندەڵیی ناو وەزارەتی نەوتدا سەری هەڵداوەتەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کوردی، تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای دەستگیرکردنی "عەدنان جەمیلی" وەکێلی وەزیری نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە عێراقی بەرەو تورکیا بەجێهێشتووە.
ئاوێنە: جەمیلی لەسەر دۆسیەی گرێبەستە نەوتییەکان دەستگیرکراوە کە بەهای گشتییان تریلیۆنێک دیناری عێراقی تێپەڕ دەکات. لەم نێوانەدا، چاودێران و شارەزایان حەسەن کوردی بە "ئەڵقەی بەستەرەوە" لە نێوان تۆڕەکانی گەندەڵی و ئیدارەدانی دۆسیەی کۆمیسیۆنەکان لە گرێبەستەکانی پاڵاوگەکاندا وەسف دەکەن. بەگوێرەی لێدوانە رۆژنامەوانی و لێکۆڵینەوەکان، کوردی تەنیا دەڵالێک نەبووە، بەڵکو رۆڵی هەبووە لە رێکخستنی دارایی و پاڵپشتیکردنی سیاسی بۆ چەندین لایەن.
لەلایەکی دیکەوە، راپۆرتە میدیاییەکان بەتایبەت ئەو زانیارییانەی رۆژنامەنووس "موئەیەد زاملی" خستوویەتییە ڕوو، ئاماژە بەوە دەکەن کە کوردی لە رێگەی کۆمەڵێک میکانیزمی ئاڵۆزی ئیدارییەوە توانیویەتی گرێبەستە گەورەکان بە ئاراستەی خۆیدا بشکێنێتەوە، بەتایبەت لە پاڵاوگەی بێجی. بەپێی ئەو زانیارییانە، ئەو گرێبەستانەی بەهایان بەرز بووە، لە رێگەی کۆمپانیای حکومییەوە تێپەڕێندراون بۆ ئەوەی رێکارە یاساییەکان تێپەڕێنن و دواتر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کەوتوونەتە دەستی کوردی.
-639187614117809850.jpeg)
جگە لەوە، تۆمەتەکان باس لە بوونی دەیان داواکاریی "وەهمی" و دووبارە خەرجکردنەوەی بودجە بۆ یەک جۆر کەرەستە دەکەن، ئەمە جگە لە تۆمەتبارکردنی بە "شوشتنەوەی پارە" و گواستنەوەی پارەی گشتی بۆ دەرەوەی وڵات.
سەرەڕای ئەوەی ئەم دەنگۆ و تۆمەتانە بە بەرفراوانی لە میدیاکان و لای چاودێراندا دەسوڕێنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێکی دادوەریی یەکلاکەرەوە یان روونکردنەوەیەکی فەرمیی لەلایەن دەستە پەیوەندیدارەکانەوە لەسەر حەسەن کوردی دەرنەچووە. هەموو ئەوەی هەیە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانی دۆسیەی گەندەڵیی وەزارەتی نەوتدایە و چارەنووسی ئەم دۆسیەیە و پەیوەندییەکانی کوردی بە تۆڕە گەندەڵییەکانەوە، چاوەڕێی کۆتاییهاتنی رێکارە یاساییەکان و وردبینییەکانی دەسەڵاتی دادوەری دەکات.