بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "مەدا"ی عێراقی، لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەی حکومەتی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستیپێکردووە، ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵا و پەرلەمانتاران ماڵەکانیان لە ناوچەی سەوزی بەغدا جێهێشتووە. ئەم پێشهاتەش لە کاتێکدایە کە پشووی وەرزیی پەرلەمان بەرەو کۆتایی دەچێت، بەڵام هێشتا بەشێکی بەرچاوی پەرلەمانتاران نەگەڕاونەتەوە شوێنی نیشتەجێبوونیان.
ئاوێنە: لە زانیارییەکانی رۆژنامەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە (٦ی تەمووز) بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی تایبەت بە نەهێشتنی گەندەڵی لە ٢٨ی مانگی رابردوودا، ئەو بەرپرس و پەرلەمانتارانە بڕیاریانداوە ناوچەی سەوز چۆڵ بکەن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری دەستگیرکردنی کتوپڕیان لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە.
لەبارەی ئامارەکانی ئەو هەڵمەتەشەوە، تا ئێستا نزیکەی ٤٠ کەس لە بەرپرسان و پەرلەمانتاران دەستبەسەر کراون. لە هەمان کاتدا، سەرچاوە ئاگادارەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە لیستێکی نوێی ناوی بەرپرسان ئامادەکراوە و پێشبینی دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا رێکارەکانی دەستگیرکردنیان جێبەجێ بکرێت.
لە پەرەسەندنێکی پەیوەست بەم دۆخەدا، رۆژنامەی مەدا روونیکردووەتەوە کە لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە ماڵی وەزیرەکان، ئەفسەرە باڵاکان، سەرۆک دەستەکان و پەرلەمانتارانی پێشوو و ئێستا لە ناوچەی سەوزدا خاڵین لە دانیشتووانەکانیان، و جگە لە چەند پاسەوانێک و ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانیان، کەسی دیکەیان تێدا نەماوە.