عهلی زهیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئهمڕۆ شەممە ڕایگەیاند. بهردهوامن له کارکردن بۆ سەرلەنوێ پێکهێنانەوەی ئەنجومەنی باڵای خانمان و چالاککردنەوەی بە ڕوانگەیەکی نوێوە.
ئاوێنه: عهلی زهیدی له وتهیهكدا كه لە میانی هەژدەهەمین کۆنگرەی ڕۆژی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خانمان، کە لەلایەن ڕەوتی حیکمەوه سازكراوه، وتی "لە بەرنامەی حکومەتەکەماندا بەهۆی بڕوابونمان بە گرنگیی خانمان لە گەشەپێدانی گشتگیردا، خانمان بایەخ و ڕێزی تەواویان پێدراوە. هەروەها ئافرەتانی عێراق ڕۆڵیان هەبوە لە ڕوبەڕوبونەوەی ئەو ئاڵنگاری و بارودۆخانەی کە سهرجهم عێراقییهكان چەشتیان لە کاتی تێکۆشانیاندا دژ بە داعش، کە توندوتیژیی زۆر قورسیان بەرامبەر ئافرەتانی عێراق ئەنجامدا."
زیادیشی کرد: "ئاڵنگارییهكان هاندەرن بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارام کە لە ڕێگەی ڕێکارە سزادەرەکان و یاساکانەوە ڕێگری بکات لە دەستدرێژیکردنە سەر خانمان و بێبایەخکردنیان. گرنگترین ڕەگەزیش بۆ پاراستنی مافەکانی خانمان، کارکردنە لەسەر پەرەپێدانی توانا زانستی و مەعریفییەکانیان و وەرگرتنی پێگە سەرکردایەتییەکان لەلایەن ئەوانەوە."
زەیدی وتیشی "ئەمڕۆ شانازی بە ئامادەیی خانمان دەکەین لە تەواوی دەسەڵاتە دەستورییەکانی دەوڵەتداو پێویستە ژنان لە دەستدرێژی و زۆرلێكردن بپارێزرێن لە ڕێگەی چەسپاندنی فەرهەنگی ڕێزگرتن لە خانمان و ڕێگهنەدان بە پێشێلکردنی مافەکانیان، ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە لە نێوان کۆمەڵگە، حکومەت و دەوڵەتدا."
سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لە "بەردەوامبون لەسەر کارکردن بۆ سەرلەنوێ پێکهێنانەوەی ئەنجومەنی باڵای خانمان و چالاککردنەوەی بە ڕوانگەیەکی نوێوە کە ئامانجە خوازراوهكه بپێکێت، تا ببێتە چەتری یاسایی و جێبەجێکار بۆ ههر شتێک کە بەشدار بێت لە بەرزکردنەوەی ئاست و دۆخی ئافرەتانی عێراق."