ڕوانگەی ئیکۆ عێراق بڵاویکردەوە، داهاتە نانەوتییەکانی عێراق بەرزترین ڕێژەیان تۆمار کردووە و گەیشتوونەتە 16٪ـی کۆی گشتیی داهاتە داراییەکانی وڵات و نزیکەی 5.5٪ـی کۆی داهاتی هەرێمی کوردستانە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، ڕوانگەی ئیکۆ عێراق لەمیانی ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد "ڕێژەی داهاتە نانەوتییەکانی عێراق بۆ 16٪ لە کۆی گشتیی داهاتە داراییەکانی عێراق بەرز بووەتەوە، کە ئەمە بەرزترین ڕێژەیە تاوەکو ئێستا تۆمار کرابێت".
ڕوانگەکە دەشڵیت "ئەمە یەکەمجارە لەماوەی مانگەکانی ئایار و حوزەیراندا ڕێژەی داهاتە نانەوتییەکان بگاتە ئەو ئاستە، لە کاتێکدا بۆ چەندین ساڵ لە 5٪ تێنەدەپەڕی".
وەک لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "ئەم ڕێژەیە بۆ یەکەمجار لە سەردەمی حکومەتەکەی مستەفا کازمی بۆ نزیکەی 10٪ بەرزبووەوە و لە سەردەمی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سودانیشدا لەو ئاستەدا جێگیر بوو".
ئیکۆ عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، داهاتەکانی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 5.5٪ـی کۆی داهاتە نانەوتییەکان پێکدەهێنێت، ئەمەش لەڕێگەی ئەو داهاتەی حکومەتی هەرێم دەینێرێت بۆ حکومەتی فیدراڵی.