ڕێبەری ڕەوتی سەدر، موقتەدا سەدر، لە پەیامێکی فەرمیدا کە بە "بسمه تعالی" دەستپێدەکات، هەڵوێستی توندی خۆی لە بەرامبەر پاراستنی خاکی عێراق و دوورخستنەوەی لە ململانێ هەرێمییەکان خستەڕوو.
ئاوێنە: سەدر لە پەیامەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە خاکی عێراق خاکی پیرۆزە و دەستپێک نەبووە بۆ بۆردومانکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆیە داوا لە سوپای پاسداران دەکات خاکی پیرۆزی عێراق بۆردومان نەکەن. هەروەها هۆشداری دەداتە "ملیشیا لەڕێدەرچووەکان" کە دەبێت ڕفتارەکانیان ڕابگرن و بیانوو نەدەنە دەست وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بۆ بەئامانجگرتنی خاکی عێراق.
لە تەوەرێکی تردا، سەدر سەرکۆنەی ڕاکێشانی عێراق دەکات بۆ ناو جەنگ و توندوتیژی کە هیچ سوودێکی بۆ گەلی عێراق تێدا نییە، و داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات کۆنترۆڵی ئاسایش بکات، سەروەری وڵات بسەپێنێت و ڕێگری لە خرافات و توندوتیژی مەزهەبی بگرێت.
سەدر داوای هۆشیاری دەکات لە بەرامبەر شانە نووستووەکانی تیرۆر لە ناوخۆ و دەرەوە کە دەیانەوێت درووشمی مەزهەبی بۆ تێکدانی ئاسایش بەکاربهێنن، و لە کۆتاییشدا جەخت لەسەر بانگەوازێکی ئاشتی و سڵاو بۆ هەموو وڵاتانی دراوسێ دەکاتەوە بۆ ژیان بە دوور لە بنکەکان و هەژموونی داگیرکاری.