ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی عێراق ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی سعودیه‌و ئه‌مریكا ده‌كات
  2026-07-29       34       

ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌لی زه‌یدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان، ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی سعودیه‌و ئه‌مریكا بۆ سه‌ر گروپه‌ چه‌كداره‌كان ده‌كات و ده‌شڵێت، بڕیاریانداوه‌ بە داڕشتنی پلانێکی ئه‌منیی گشتگیر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاك، بە مەبەستی ڕوبەڕوبونەوەی هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەری عێراق و ڕێگریکردن لە هەر سەرچاوەیەک کە کار بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ بکات.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی سه‌رۆك وه‌زیران عه‌لی زه‌یدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا، بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ڕەوشی ئاسایش و ئەو دەستدرێژییەی کە هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و سعودیە بەیانی ئەمڕۆ ئەنجامیاندا، کە بووە هۆی شەهیدبون و برینداربونی کۆمەڵێک كه‌سی بێتاوان.

له‌ راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌دا هاتوه‌، ئەنجومەنەکە سه‌ركۆنه‌و ئیدانه‌ی ئەم دەستدرێژییەی كرد کە لە کاتێکدا بو حکومەتی عێراق لە پەیوەندیدا بو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پشتڕاستکردنەوە و چارەسەرکردنی هەمو ئەو بابەتانەی لەلایەن هەردوو لایەنی سعودیە و ئەمریکییەوە سەبارەت بە ئامانجگرتنی خاکی سعودیە خرابونه‌ڕو.

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بڕیاریدا بە داڕشتنی پلانێکی ئه‌منیی گشتگیر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاك، بە مەبەستی ڕوبەڕوبونەوەی هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەری عێراق و ڕێگریکردن لە هەر سەرچاوەیەک کە کار بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ بکات.

ئەنجومەنەکە وەزارەتی دەرەوەی ڕاسپارد کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بكه‌وێته‌ جوڵه‌ بۆ دیكۆمێنتكردنی ئەم حاڵەتە و چەسپاندنی مافە ڕەواکانی عێراق.

کۆبونەوەکە جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەت کردەوە لە ڕەتکردنەوەی تەواوی کردەوە دوژمنکارانەکان، بەبێ گوێدانە ئەو لایەنەی ئەنجامی دەدات یان ئەو پاساوانه‌ی پشتیان پێ ده‌به‌سترێت. جەختیشی کردەوە کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە دەستدرێژییانە و ڕوبەڕوبونەوەیان، به‌ته‌نیا بەرپرسیارێتی حکومەتی عێراق و دامەزراوە دەستورییەکانی دەوڵەته‌ و به‌رپرسیارێتی هیچ لایه‌نێكی تر نییه‌.

هەروەها ئەنجومەنەکە پابەندبونی حکومەتی نوێکردەوە بە چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا و بەشداریی کاریگەرانە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نێودەوڵەتی و گرتنەبەری سیاستێکی دەرەکی لەسەر بنەمای دیالۆگ و هاوکاری و ڕێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی و بنەماکانی دراوسێیەتی باش و بەکارهێنانی ئامرازە دیپلۆماسییەکان وەک ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان، بەپێی ڕێبازێکی ستراتیژی بۆ دورخستنەوەی عێراق لە ململانێ هەرێمییەکان، بەشێوەیەک کە مافە نیشتمانییەکانی و ئاسایشی گەلەکەی و سەروەرییەکەی بپارێزێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، لەم سۆنگه‌یه‌وه‌‌و بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکانی، حکومەت لە یەکەم ڕۆژەکانی پێکهێنانییەوە دەستیکردوە بە هەوڵی بەردەوام بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا و داڕشتنی کاری ئاسایش لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا. لە هەمان کاتدا، حکومەت ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ ئەم ڕەفتارە تاکلایەنانە و بێ پاساوانە دوپات دەکاتەوە، کە کاریگەرییەکانی تەنها بە زیانگەیاندن بە سەروەری نیشتمانی کۆتایی نایه‌ت، بەڵکو ڕێگری لە هەوڵە جدییەکانی حکومەتیش دەکات لە چەسپاندنی پایەکانی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی نیشتمانی و هەرێمی.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، حکومەتی عێراق داوا لە هەمو لایەنەکان دەکات کە ڕانەکێشرێن بەرەو ڕێڕەوێک کە ببێتە هۆی زیاتربونی بارودۆخی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا و پلانەکانی جێبەجێکردنی یاسا هەڵوەشێنێتەوە کە حکومەت لە کاتی وەرگرتنی بەرپرسیارێتییەکەیەوە گرتویەتییەبەر.

ئەنجومەنەکە جەختی كردۆته‌وه‌ لە بەردەوامبون لەسه‌ر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئه‌منی بۆ کشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کۆتایی مانگی ئەیلولی 2026 و تەواوکردنی ڕێکارەکانی پلانی قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.

له‌ كۆتاییشدا ئەنجومەنەکە پرسە و سەرەخۆشی قوڵی خۆی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان كردوه‌ و هیوای چاکبونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان خواسته‌وه‌و جەختی كردۆته‌وه‌ کە خوێنی عێراقییەکان لە بەرزترین ئاستی گرنگیپێدان و بەرپرسیارێتیدایە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×