مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له عێراق، رایده‌گه‌یه‌نێت، تاوه‌كو 7ی مانگی داهاتو مۆڵه‌ت ده‌ده‌نه ئه‌و لایەنە حکومییانەی عێراق كه داوای داماڵینی چەکی مقاوه‌مه‌یان دەکرد بزانن چی دەکەن، له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌مریكاو سعودیه‌دا، ده‌شڵێت، بێگومان ئێمه وه‌ڵاممان بۆ هێرشه‌كه‌ی ئه‌مریكاو سعودیه ده‌بێت.
ئاوێنه: مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له عێراق، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی "دوای ئەوەی مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی به‌ته‌واوی ڕەتیكرده‌وه كه هێرشی كردبێته سه‌ر سعودیه‌و دامه‌زراوه‌كانی ئه‌و وڵاته، دوژمنی ئەمریکی تاوانێکی نوێی ئەنجامدا" کە تێیدا پیاوانی حەشدی شەعبی و كاروانێكی خزمەتکردنی زیارەتکارانی لە کەربەلا کردە ئامانج، کە بوە هۆی كوژراون و برینداربونی ده‌یان كه‌س.
وتوشیه‌تی "ئێمە بێ هیچ دودڵییه‌ك جەخت دەکەینەوە کە ڕژێمی سعودیە ته‌نیا خەنجەرێکی ناپاک یان ئامرازێکی پیس بوه‌و ده‌بێت کە لەلایەن کۆشکی سپی و دەزگا هەواڵگرییە گومانلێکراوەکانییەوە بەڕێوەدەبرێت؛ چۆن دوێنێ تواناکانی خستبوه گه‌ڕ بۆ ڕەوانەکردنی خۆکوژەکان بۆ ڕشتنی خوێنی عێراقییەکان، ئەوا ئەمڕۆش بە ناچاری گرێبەستی نۆکەرایه‌تی نوێ دەکاتەوە بۆ جێبەجێکردنی تاوانی گەورەکانی و فه‌رمانه تاوانکارییەکانیان."
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه "ئەگەر وایدانێین لەم قۆناغە هەستیارەدا ئێمه چەک و موشەکه‌كانمان ڕادەستی دەسەڵاتی حکومەت کرد، حكومه‌ت خۆی جڵەوی بەرگریکردن لە سەروەری عێراق و شكۆی خاکەکەی و گەلەکەی بگرێتە دەست؛ ئایا چ هەڵوێستێکی توند دەگرێتەبه‌ر له‌به‌رده‌م ئەم تاقیکردنەوە مەیدانییە ڕاستەقینەیەدا، بۆ ئەوەی بۆ هەموانی بسەلمێنێت کە توانای ڕاگرتنی دەستدرێژکارانی هەیە و تۆڵە لەوانە دەستێنێت کە خوێنی پاکی شەهیدانیان ڕشتوە، لە شوێنی پیاوانی مقاوه‌مه، هه‌روه‌ك پێشتر موجاهیدان چه‌ندین جار لە عێراقدا ئه‌م كاره‌یان كردوه؟"
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو "لانی زۆر تاوه‌كو 7ی ئابی 2026 مۆڵەت دەدەینە ئەو لایەنە حکومییانەی داوای داماڵینی چەکی مقاوه‌مه‌یان دەکرد؛ بزانین چی دەکەن."
وتوشیه‌تی، "وەڵامدانەوەمان بۆ دوژمنی ئەمریکی بە بێگومان بەڕێوەیەو ڕەنگە وه‌ڵامه‌كه‌مان ئامرازەکانیشی لە سعودیە بگرێته‌وه لە هەر کاتێکدا پێویست بكات."