ڕۆژنامەیەکی لبنانی: گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە ماوەی ۷۲ کاتژمێردا وەڵامی سعودیە دەدەنەوە
  2026-07-30       33       

ڕۆژنامەی "الأخبار"ی لبنانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، گرووپەکانی بەرەنگاری لە عێراق جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە ماوەی ۷۲ کاتژمێری داهاتوودا وەڵامدانەوەی مەیدانییان دەبێت، و ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئامانجگرتنی خاک و هێزەکانی عێراق لەلایەن سعودییەوە بەبێ باج تێپەڕینا بێت.

ئاوێنە: ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە دوێنێ "فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا" (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سعودیە کۆمەڵێک هێرشیان ئەنجامداوە کە کۆگا خەزنکردنی چەک و بنکە لۆجستیکییەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراقیان کردووەتە ئامانج. واشنتن ئەو گرووپانە بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە پشتی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر دامەزراوە وزەیییەکانی سعودیە و بنکەکانی هێزە ئەمریکییەکانەوەن.

لە بەرامبەردا، دەستەی "حەشدی شەعبی" ڕایگەیاند لە ئەرەنجامی ئەو هێرشانەدا لانیکەم ۲۰ ئەندامیان کوژراون و ۳۲ی دیکەشیان بریندار بوون. هاوکات میدیا ئێرانییەکان کوژرانی ٤ ئەندامی "سوپای پاسداران"یان لە ناو ئەو بنکانەدا پشتڕاست کردووەتەوە کە کرابوونە ئامانج.

ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە، ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی سازکرد. لە کۆبوونەوەکەدا دەستدرێژیکردنە سەر خاکی عێراق بە توندی شەرمەزار کرا و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەریی نیشتمانی دووپات کرایەوە. هەروەها وەزارەتی دەرەوە ڕاسپێردرا بۆ ئەنجامدانی ڕێکاری یاسایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ بەڵگەدارکردنی پێشێلکارییەکان، هاوڕێ لەگەڵ دارشتنی پلانی ئەمنی بۆ ڕێگری لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ، جەختیش لە بەردەوامیی پلانی قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرایەوە.

ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی "الأخبار" ئاماژەی بەوەش کردووە، هەڵوێست و کەرستە فەرمییەکانی حکومەت نەوبوونەتە هۆی ئارامکردنەوەی گرووپە چەکدارەکان، چونکە ئەوان بەیاننامەی ئیدانەکردن بە بەس نازانن. لەم چوارچێوەیەدا، "بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق" بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە و تێیدا تا شەشی ئابی داهاتووی مۆڵەت داوەتە حکومەت تا توانای خۆی بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەکان بسەلمێنێت. بەیاننامەکە ڕووداوەکەی بە ئاڵەنگارییەکی ڕاستەقینە بۆ پڕۆژەی قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا وەسف کردووە و جەختی کردووەتەوە کە وەڵامدانەوەی ئەمریکا حەتمییە، و ئەگەر بارودۆخی مەیدانی پێویست بکات ڕەنگە سعودیەش بێتە ناو بازنەی ئامانجەکانەوە، بەڵام جێبەجێکردنی هەر جووڵەیەک بۆ دوای کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمی سەردانی چلوپۆپ هەڵگیراوە.

لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "الأخبار"، فەرماندەیەک لە یەکێک لە گرووپەکان ئاشکرای کردووە کە هێزەکانی بەرەنگاری بەرەو ئەوە دەچن لە ماوەی ۷۲ کاتژمێردا وەڵامدانەوەی مەیدانییان هەبێت، و جەختیشی کردەوە کە ئامانجگرتنی عێراق لەلایەن سعودییەوە بەبێ باج تێپەڕ نابێت. ناوبراو پێیوایە ئەم هێرشە کۆتایی بە هەر دانوستانێک هێناوە لەبارەی ڕادەستکردنی چەک و وتی: "هەر لایەنێک باسی لە حاسرکردن یان داماڵینی چەک دەکرد، وەڵامی کردەیی وەرگرت؛ چەکی بەرەنگاری دەمێنێتەوە و نابێتە بابەتێک بۆ سەوداماملێکردن."

ئەو فەرماندەیە ئاشکراشی کردووە کە گرووپەکان لەگەڵ لایەنەکانی تری "بەرەی بەرەنگاری" لە ناوچەکە، لەنێویاندا بزووتنەوەی ئەنسارۆڵای یەمەنی (حوسییەکان)، سەرقاڵی تاوتوێکردنی بژاردەکانی وەڵامدانەوەن لە چوارچێوەی هەماهەنگییەکی بەرفراوانتری هەرێمیدا. هاوکات وشیاریی دا کە ئەگەر سەلمێنرا هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان حکومەت و واشنتندا هەبووە، وڵات رووبەڕووی قەیرانێکی ناوخۆیی بێپێشینە دەبێتەوە.

لە هەمان سیاقدا، حامد کەعبی، فەرماندە لە "کەتائیبی سەیدولشوهەدا"، جەختی لەوە کردەوە کە خوێنی کوژراوەکان بەفیڕۆ ناچێت و وەڵامەکەش "هەژێنەر" دەبێت، ئاماژەی بەوەش دا کە کات و شێوازی وەڵامدانەوەکە کەوتووەتە ژێر هەڵسەنگاندنی وردی سەربازییەوە.

کەعبی دووپاتی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم هێرشە "پەشیمان دەبێتەوە" و ئاماژەی بە ئەگەری ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و سعودیە کرد ئەگەر کردەوە سەربازییەکان بەردەوام بن. لەسەر عەرزی واقیعیش، بەغدا و چەندین پارێزگای تر پشتیوانی و بەشداریی بەرفراوانی جەماوەرییان بەخۆوە بینی بۆ بەڕێکردنی تەرمی قوربانییەکانی بۆردومانەکە، کە تێیدا دروشمی دژ بە ئەمریکا، سعودیە و ئیسرائیل بڵند کرانەوە و بەڵێنی تۆڵەکردنەوە درا، ئەمەش ئاستی ئاڵۆزی و ناڕەزایەتییەکان لەناو ژینگەی پشتیوانیکاری حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان نیشان دەدات.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×