عەبو توراب تەمیمی، سەرکردە لە ڕێکخراوی بەدر و پەرلەمانتاری عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کە لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەنووس قوسەی شەفیق خستوویەتەڕوو، ڕەخنەی توند ئاراستەی شێوازی بەڕێوەبردن و دابەشکردنی داهاتە نانەوتییەکانی وڵات دەکات و دەڵێت: «لە ڕاستیدا داهاتی نانەوتی لە عێراقدا بوونی هەیە، بەڵام من پێی دەڵێم داهاتی حزبی، چونکە ٪٧٥ی بۆ حزبەکانە و تەنها ئەوی تری بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە».
ئاوێنە: تەمیمی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دۆخی دارایی و ئابووریی ئێستای عێراق لە چەمکی ئاسایی گەندەڵی دەرچووە و گەیشتووەتە قۆناغی تاڵانکاری، بۆیە لەو باوەڕەدایە کە پێویستە گۆڕانکاری لە گوتاری سیاسیدا بکرێت و بگوترێت «دژە تاڵانی» نەک تەنها «دژی گەندەڵی»، چونکە سەروەت و سامانی گشتی بە شێوازێکی ڕێکخراو لەلایەن لایەنەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئەو پەرلەمانتارە تیشکی خستە سەر پێگەی کۆمپانیا و سەرمایەداران لە بازاڕی عێراقدا و ئاماژەی بەوە کرد کە چەندین سەرمایەداری گەورە لەسەر ئاستی وڵاتدا هەن کە سەرمایە و پڕۆژەکانیان لەسەر بنەمای داهات و پارە بەدەستهاتووەکانی گەندەڵی بنیاد نراوە و پەرەیان پێ دراوە.
سەبارەت بە دۆخی دارایی فەرمانبەران و دابەشکردنی مووچەش، ناوبراو هۆشداریی دایە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕایگەیاند، بەهۆی کەمیی داهاتەکانەوە، دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ ئەم مانگە لەژێر مەترسیی جیدیدادایە و ئەوپەڕی توانای حکومەت بۆ دابینکردنی مووچە تەنها بۆ ئەم مانگە بەزەحمەت دەکرێت.