حکومەتی عێراق دەنگۆی مایەپووچبوونی دەوڵەت و دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران ڕەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە دواکەوتنی مووچە کێشەیەکی کاتییە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە دروست بووە، هاوکات هەنگاو بۆ کاراکردنەوەی ڕێگەی جێگرەوەی هەناردەی نەوت دەنرێت.
ئاوێنە: حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا دڵنیایی دا بە فەرمانبەران و ڕایگەیاند کە عێراق وڵاتێکی هەژار نییە و بڕی 100 تریلیۆن دینار نەختینە لە ناوخۆدا لە ئاڵوگۆڕدایە.
ڕوونکردنەوەکەی حکومەت لە کاتێکدایە که داخستنی گەرووی هورمز و دۆخی جەنگ بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لە شەقامدا و دواکەوتنی مووچە، بەڵام جەخت دەکرێتەوە کە کێشەکە کاتییە و چارەسەر دەکرێت.
حکومەتی عێراق کار بۆ کاراکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی جەیهانی تورکی و سوریاوە دەکات وەک جێگرەوەیەک بۆ گەرووی هورمز، تاوەکو داهاتی وڵات و پرۆسەی فرۆشتنی نەوت ئاسایی ببێتەوە.
وتەبێژی حکومەت هەموو دەنگۆکانی پەیوەست بە دەستلەکارکێشانەوەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی، بە تەواوی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ناوبراو بەرپرسیارێتی مێژوویی لەسەر شانە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و لێدوانەکان، بەغدا بە فەرمی ڕەتیدەکاتەوە هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختەی لە هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە هەبووبێت یان خاکی عێراق بۆ ئەو مەبەستە بەکارهاتبێت.
عێراق جەخت دەکاتەوە کە وڵاتانی کەنداو هیچ بەڵگەیەکی یاساییان پێشکەش نەکردووە، پاراستنی سەروەریی وڵات لە پێشینەی کارەکانە و چەکیش تەنها لە دەستی دەوڵەتدا دەمێنێتەوە.