بەپێی زانیارییەکانی پەرلەمانی عێراق، تاران نەرمی دەنوێنێت لە بەرامبەر ئەو کەشتیانەی نەوتی عێراق دەگوازنەوە و بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، ئەمەش بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی هەناردەی نەوتی وڵاتەکە بەڕێوەدەچێت.
ئاوێنە: قەیسەر جورانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کردووە کە ڕێکارە تایبەتەکان لەلایەن موجتەبا خامنەیییەوە دەرچوون و فەرمان کراوە نەرمی لەگەڵ نەوتهەڵگرەکانی عێراقدا بنوێنرێت. ئەم هەنگاوە وەک ئاماژەیەکی ئەرێنی بۆ پاراستنی هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراق لێکدەدرێتەوە.
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەم ئاسانکارییانەدا، سێ ڕۆژ پێش ئێستا نەوتهەڵگرێک بە سەرکەوتوویی توانی گەرووی هورمز ببڕێت. لە هەمان کاتدا، چەند کەشتییەکی تری گواستنەوەی نەوت لە بەندەرەکانی بەسرە لە قۆناغی بارکردندان بۆ ئەوەی بە مەبەستی هەناردەکردن بەرەو دەرەوە بەڕێ بکەون.
لەگەڵ ئەم پێشکەوتنانەدا، لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق جەخت لەوە دەکەنەوە کە کار لەسەر هەمەچەشنکردنی دەروازە و ڕێگاکانی هەناردەکردنی نەوت دەکرێت، بەتایبەتی دوای ئەو ڕێککەوتنانەی کە لەم دواییانەدا لەگەڵ تورکیا ئەنجام دراون، بە ئامانجی کەمکردنەوەی هەر ئاستەنگێکی لۆجستی لە داهاتوودا.