وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆژەی پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی کێڵگەکانی کەرکوک، کە لە ئەیلوولی ٢٠٢٥ـەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئامانجیەتی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بگەیەنێتە بەرزترین ئاست کە ٤٢٠ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.
ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی عێراق بڵاویکردەوە، سەلیم ڕوکابی وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی نەوت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "قەبارەی ئێستای بەرهەمهێنانی نەوت ٣٢٠ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، و پڕۆژەکە ئامانجیەتی پەرە بە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بدات تا بگاتە ٤٢٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا".
وتیشی "قەبارەی ئێستای بەرهەمهێنانی گاز ٢٥٥ ملیۆن پێ سێجای پێوانەییە لە ڕۆژێکدا، و پڕۆژەکە هەوڵ دەدات وەبەرهێنان لە گازی یەدەگ بکات بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بگەیەنێتە ٤٠٠ ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا."
ڕوکابی ڕوونی کردەوە کە دیارترین ئەو پڕۆژانەی کۆمپانیای BP جێبەجێیان دەکات بریتین لە، نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکوک، نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی دامەزراوەکانی گاز لە کۆمپانیای گازی باکوور، جگە لەجێبەجێکردنی پڕۆژەی ژێرخانی وەک دروستکردنی وێستگەیەکی کارەبا بە توانای ٤٠٠ مێگاوات، ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هێزی کاری ناوخۆیی، جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، و پەرەپێدانی توانای کارمەندانی کۆمپانیاکانی نەوتی باکوور و گازی باکوور.
وتەبێژەکەی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پڕۆژانە دەبنە هۆی ڕاگرتنی سووتانی بەردەوامی گازی
بەرهەمهاتوو، ئەویش لەڕێگەی بەکارهێنانی بە باشترین شێوە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی پێویست بۆ وێستگەکانی کارەبا. ڕاشیگەیاند کە پەرەپێدانی کێڵگەکان هاوکار دەبێت لەپڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ و زیادکردنی هەناردەی نەوت، هەروەها دەستکەوتی ئابووری و ژینگەیی بۆ وڵات دەبێت.
باسی لەوەشکرد کە پڕۆژەکە پشت بە نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی دامەزراوەکانی نەوت و گاز و فراوانکردنی کۆمپانیای گازی باکوور دەبەستێت بۆ گەیشتن بەو ئاستەی کە وەک ئامانج دیاریکراوە.
لە کۆتاییدا سەلیم ڕوکابی ئەوەشی وت "پلان و گفتوگۆکانی داهاتوو لەگەڵ کۆمپانیای BP فراوانکردنی هاوکارییەکان و تاوتوێکردنی پڕۆژەیەکی گەورەتری گەڕان و پشکنین لە ناوچەی کەرکوک لەخۆدەگرێت".