ئاڵۆزی لە نێوان ڕەوتە سیاسی و چەکدارەکانی عێراق سەبارەت بە ڕێککەوتنە ئابوورییەکانی بەغدا لەگەڵ واشنتن و دۆسیەی ئەمنیی وڵات ڕووی لە زیادبوون کردووە، بەوپێیەی هاوكات لەگەڵ هۆشدارییەکانی بزووتنەوەی نوجەبا لەسەر ڕێککەوتنە ئابوورییەکان، سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لە کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە دەکاتەوە.
ئاوێنە: لە لایەکەوە، ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا لە ڕاگەیەنراوێکدا سەبارەت بە ڕێککەوتنە ئابوورییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕوانگەی پڕۆژەکانی ئەمریکا لە عێراقدا لەسەر بنەمای دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی وڵات بونیاد نراوە. کەعبی ئاماژەی بەوەش کرد کە دەبێت سامانی نیشتمانی لە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەقینەی عێراقییەکاندا بێت تاوەکو بۆ خزمەتی هاووڵاتییان بەکاربهێنرێت.
ئەمینداری گشتیی نوجەبا جەختی لەوەش کردەوە، بەرەی مقاوەمە بەرامبەر بردنی قووتی خەڵک لە ژێر پەردەی سەرمایەگوزاریدا بێدەنگ نابێت و داوای کرد داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە دەستێوەردانی دەرەکی بپارێزرێت و مافی بەڕێوەبردنی سامانەکان بە تەواوی بدرێتە دەست دامەزراوە ناوخۆییەکان.
لە بەرامبەردا، عەبدولحوسێن موسەوی، وەزیری تەندروستی و سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕوانگەیەکی جیاوازی سەبارەت بە دۆخی ئەمنی خستەڕوو و هۆشداری دایە گرووپە چەکدارەکان. موسەوی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر سیاسەت و هەڵسەنگاندنی ئەم گرووپانە لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا نەگونجێندرێت، ئەوا ڕەنگە عێراق ڕووبەڕووی گەمارۆدانی ئابووری و دۆخێکی مەترسیدار بێتەوە.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، هەڵسەنگاندنی واقیعی بۆ گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکان پێویستە، و جەختی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی بڕیاری "سنووردارکردنی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا" بەشێکی سەرەکییە لە بەرنامەی کاری حکومەت کە بەرەوڕووی دەنگدانی پەرلەمانی عێراق بووەتەوە.