وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، تاوەکو ئێستا ٧١ بارەگای ساختەیان داخستووە کە بە ناوی دەستەی حەشدی شەعبییەوە کاریان کردووە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە، میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا ڕایگەیاند کە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵە لەگەڵ هەر درۆن و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەواندا دەکات کە بە شێوەیەکی نایاسایی یان بۆ مەبەستی ناپێویست و مەترسیدار بەکاربهێنرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنها لەمساڵدا ٤٩ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
وتەبێژی وەزارەتەکە جەختیشی کردەوە کە لیژنەی تایبەت بە ڕێکخستنی چەک بەردەوامە لە کارەکانی بۆ ڕێگریکردن لە دیاردەی چەکداری و پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتییان.
ئەوەشی خستەڕوو کە ٧١ بارەگای ساختەی حەشدی شەعبییان داخستووە.