ڕێکخراوی هیومن ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە گەنجێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی (محسن عەلی کانی) لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە کاتی مانەوەی لە دەستبەسەریی پۆلیسی دژە مادە هۆشبەرەکان لە پارێزگای نەجەف گیانی لەدەست داوە.
ئاوێنە: ڕووداوەکە لە ٢٥ی حوزەیران ڕوویداوە، کاتێک محسن عەلی کانی بەهۆی ئازارێکی توندی سکەوە سەردانی نەخۆشخانەی فێرکاریی نەجەفی کردووە. لەوێ پزیشکان گومانی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەریان لێکردووە و هێزە ئەمنییەکانیان لە دۆخەکە ئاگادار کردووەتەوە.
بەپێی گێڕانەوەی کەسوکاری گەنجەکە، دۆخی تەندروستی ناوبراو لەناو نەخۆشخانە ناجێگیر بووە و لێدانی دڵی گەیشتووەتە نزیکەی ١٧٠ لێدان لە خولەکێکدا. سەرەڕای ئەمەش، مەفرەزەکانی دژە مادە هۆشبەرەکان دەستگیریان کردووە و بەر لەوەی قۆناغەکانی چارەسەری تەندروستی تەواو بکات، لە نەخۆشخانە بردوویانەتە دەرەوە.
لە بەرامبەر ئەم گێڕانەوەیەدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کاروباری مادە هۆشبەر و کاریگەرییە دەروونییەکان لە نەجەف ڕایگەیاندووە کە پشکنینە پزیشکییەکان بەکارهێنانی مادەی هۆشبەریان لەلایەن ئەو گەنجەوە سەلماندووە. بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە محسن عەلی کانی خۆی بە پزیشکەکانی وتووە چوار کیسی پڕ لە مادەی "کریستاڵ مێث"ی خواردووە، دواتریش بەهۆی تێکچوونی لەناکاوی دۆخی تەندروستیی لە کاتی گواستنەوەی لە بنکەی پۆلیسەوە بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە. هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان بۆ ئاشکراکردنی هەموو ڕەهەندەکانی ڕووداوەکە ڕاگەیاندووە.
کەسوکاری کانی پاش وەرگرتنەوەی تەرمەکە ئاماژەیان بە هەبوونی شوێنەواری برین و لێدان لەسەر جەستەی کردووە. لەو چوارچێوەیەدا، هیومن ڕایتس وۆچ وێنەکانی جەستەی قوربانییەکە و ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەریی خستووەتە بەردەم پسپۆڕێکی سەربەخۆی پزیشکی دادوەری؛ پسپۆڕەکە بوونی هەندێک هێڵی لەسەر پشتی جەستەکە پشتڕاستکردووەتەوە کە لەوانەیە بەهۆی لێدان بە کەرەستەیەکی درێژ دروست بووبن، بەڵام نەیتوانیوە بە تەواوی و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە هۆکارەکەیان دیاری بکات.
ڕاپۆرتی فەرمیی پزیشکی دادوەری هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانەکەی بۆ ژەهراویبوون بەهۆی "زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی مێسامفیتامین (Overdose)" گەڕاندووەتەوە و ڕوونی کردووەتەوە کە برینە دەرەکییەکان ڕووکەش بوون و هۆکاری ڕاستەوخۆی مردنەکە نەبوون.
لە کۆتاییدا، ڕێکخراوی هیومن ڕایتس وۆچ جەختی لەوە کردووەتەوە کە گیانلەدەستدانی هەر هاووڵاتییەک لەژێر دەسەڵاتی دامەزراوە ئەمنییەکاندا پرسیاری یاسایی و مافپەروەری دروست دەکات، و داوای لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف، خێرا و سەربەخۆ دەکات، بەتایبەت سەبارەت بە یاساییبوونی بڕیاری دەرهێنانی نەخۆشێک لە نەخۆشخانە بەرەو گرتووخانە لە کاتێکدا دۆخی تەندروستیی لە مەترسیدا بووە.