2026-08-31   58     
ئارام ئیسماعیل کەریم
(خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆژی بۆ یاخیبوونی بەکر عەلی لە ئەدەبی دوای ڕاپەڕیندا)
ئەدەبی کوردی لە قۆناغی دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی گەورەی بەخۆیەوە بینی و لە گوتارێکی ناسیۆنالیستیی گشتییەوە بەرەو گوتارێکی تاکگەرایی و کۆمەڵایەتیی وردتر هەنگاوی نا. لەم قۆناغە هەستیارەدا، کۆمەڵگەی کوردی بەدەست قەیرانی ئابووری، نادادیی کۆمەڵایەتی و دروستبوونی چینێکی نوێی دەسەڵاتدارەوە دەیناڵاند، شەهید (بەکر عەلی) وەک نوێنەری چینی پەراوێزخراو و چەوساوەکان دەرکەوت. لە ڕوانگەی میتۆدی سۆسیۆلۆژیای ئەدەب و شیکاریی دەقەوە، شیعری ئەم شاعیرە جوانەمەرگە تەنیا کاردانەوەیەکی سۆزداری نییە بەرانبەر بە هەژاری،
بەڵکوو پڕۆژەیەکی ئەدەبیی یاخییە، کە زمان وەک کەرەستەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی کەتوار و بونیادنانی هۆشیارییەکی نوێ بەکاردەهێنێت. ئەو پێکهاتەگەرییە بونیادییەی لە شیعرەکانی بەکر عەلیدا دەبینرێت، ڕەنگدانەوەی تەواوی جیهانبینیی ئەو چینە کۆمەڵایەتییەیە، کە نووسەرەکەی خۆی تێدا ژیاوە و بە قووڵی ئازارەکانی چەشتووە، هەر بۆیە دەقەکانی ببوونە ئاوێنەی ڕاستەقینەی ململانێکانی ئەو سەردەمە.
لای بەکر، شیعر لە چوارچێوەی ئیستێتیکای ڕووتەوە دەگۆڕێت بۆ یەکگرتنی تیۆری و کردار. ئەو شیعرەکانی دەکاتە ئامرازێکی شۆڕشگێڕانە بۆ بەرگریکردن لە کرێکاران و هەژارانی گەڕەکی (حامیە). هاوکات لە ڕوانگەی مارکسیستییەوە، بەکر درک بە دروستبوونی چینی بۆرجوازیی نوێ دەکات و بە زمانێکی توند ڕووبەڕوویاندەبێتەوە. بۆ نموونە کاتێک دەڵێت:
"بە چیتان ئەوێ بمکەن، بەس..
ڕازی نابم گوڵان بکرێن بە پێڵاوی هیچ گەورەیەک"، لە ڕووی نیشانەناسییەوە چەمکی (گوڵ) دەبێتە مێتافۆڕ/ خوازەیەک بۆ مرۆڤە سادە و چەوساوەکان، لە بەرانبەردا (پێڵاو) و (گەورە) ئاماژەن بۆ دەسەڵات و سەرمایەداری. لێرەدا ئەرکی شیعر لە پەسنکردنی جوانییەوە دەگوازرێتەوە بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و بەشداریی کارا لە خەباتی چینایەتیدا، ئەمەش ئەوپەڕی بەرپرسیارێتیی ئەدەبییە لە بەرانبەر کۆمەڵگەدا. لەپاڵ ئەم توڕەییە کۆمەڵایەتییەدا، یەکێک لە توخمە بنەڕەتییەکانی ناو شیعرەکانی بەکر عەلی، چەمکی نامۆبوونە، کە دوو ڕەهەندی ئابووری و بوونگەرایی لەخۆگرتووە. بەهۆی هەژاری و ڕەتکردنەوەی لەلایەن سیستەمی باڵادەستەوە، شاعیر هەست بە تەنیاییەکی قووڵ دەکات، ئەم تەنیاییەش وا دەکات ڕۆمانسییەتێکی پڕ لە ئازار لە دەقەکانیدا بخوڵقێت. لە دەقەکانی "ئەو شەوانەی لە پرچەکانت ڕەشترن"، دەبینرێت عەشق چۆن لەگەڵ هەژاریدا ئاوێتە دەبێت و وێنەیەکی تراژیدی دروستدەکات. ڕاکردن بۆ ناو جیهانی عەشق لای ئەم شاعیرە، هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی پەناگەیەک لەنێو دڕندەیی شار و جیهانێکی ماددیدا، کە جێگەی پاکی و دڵسۆزیی ئەوی تێدا نابێتەوە، بۆیە دەقە ڕۆمانسییەکانیشی بە جۆرێک لە جۆرەکان هەڵگری ڕەهەندێکی شۆڕشگێڕانە و یاخیبوونن لەو واقیعەی مرۆڤی تێدا بچووک دەکرێتەوە.
هەروەها لە ڕووی سۆسیۆلۆژیای ڕۆشنبیری و هەڵوێستی نووسەرەوە، کاتێک زۆرێک لە شاعیرانی سەردەمەکەی کەوتبوونە نووسینی شیعری حەماسی و بۆنە حزبییەکان، بەکر عەلی بڕیاری ئۆپۆزیسیۆنبوونی ئەدەبی دەدات و ڕەتیدەکاتەوە قەڵەمەکەی بکاتە پاسپۆرتێک بۆ نزیکبوونەوە لە دەزگاکانی دەسەڵات و سواڵکردنی چەپڵە. ئەم باوەڕەی، متمانە و بەهایەکی ئەخلاقیی باڵا بە دەقەکانی دەبەخشێت. هاوکات لە ڕووی زمان و سیمیۆتیکی وێنەی شیعرییەوە، فەرهەنگی وشەسازیی بەکر، فەرهەنگێکی واقعی، شەقامی و
بێگرێیە. ئەو وشەکانی وەک (شەقام، کاسکێت، پاییز، کرێکار، نان، مەرگ،...) دەهێنێتە ناو فەزای شیعرییەوە و لوتکەی دەلالەتی نیشانەناسی تێدا دەخوڵقێنێت. کۆکردنەوەی شیعرەکانی پاش مەرگی لەژێر ناوی "کاسکێتەکەم بسپێرن بە پاییز"، بەرجەستەکردنی
(کاسکێت)ە وەک کنایەیەک بۆ چینی ڕەنجدەر و (پاییز)یش وەک هێمایەک بۆ مەرگ و هەڵوەرینی خەونەکان، کە وا دەکات زمانە سادەکەی ببێتە زمانێکی فرەڕەهەند و پڕ لە تەقینەوەی مانایی. دواجار، ئەوەی خاڵی جیاکەرەوە و مۆرکی ئەبەدیی بەکر عەلییە لە مێژووی ئەدەبی نوێی کوردیدا، یەکگرتنەوەی مەرگی فیزیکی شاعیرە لەتەک دەقەکانیدا. شەهیدبوونی لە ١ی
ئەیلوولی ١٩٩٤ بە دەستڕێژی گوللـە، لە کاتی پێشەنگایەتیکردنی خۆپیشاندانێکی مەدەنی و هێمنانەدا بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی هەژاری گەڕەکی حامیە، وای کرد مەرگەکەی ببێتە کۆتا دەقی ئیستێتیکی و سەلمێنەری ڕاستگۆیی وشەکانی. ئەگەر لە ڕەخنەی ئەدەبیی مۆدێرندا "مەرگی نووسەر" وەک میتۆدێک مەرج بێت بۆ لەدایکبوون و سەربەخۆبوونی دەق، ئەوا لای بەکر عەلی، مەرگە تراژیدییەکەی و خوێنەکەی بوونە هۆی ژیانەوەی ئەبەدیی شیعرەکانی. بەمەش دەسەلمێنرێت، شیعری بەکر عەلی تەنیا بەرهەمێکی ئیستێتیکیی دابڕاو نییە لە کۆمەڵگە، بەڵکوو دۆکیۆمێنتێکی سۆسیۆلۆژی، مێژوویی و دەروونیی قۆناغێکی تاریکە. ئەو توانی لە ڕێگەی تێکەڵکردنی ئەخلاقی شۆڕشگێڕانە و فۆڕمی شیعرییەوە، مۆدێلێکی نموونەیی لە شاعیری ئۆرگانی و یاخی پێشکەشبکات، کە وەک سنبوولی بەرەنگاری، دەنگی چەوساوەکان و یەکەمین قوربانیی ئازادییی ڕادەربڕین لە مێژووی نوێی کوردیدا بۆ هەمیشە بە زیندوویی بمێنێتەوە.
سەرچاوە پشتپێبەستراوەکان:
- عەلی، بەکر، ٢٠١٥، کاسکێتەکەم بسپێرن بە پاییز، کۆکردنەوە و ئامادەکردنی: فەرەیدون عارف، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی.
ـ ئەحمەد ئەسوەد، نەوزاد، ٢٠٢٤، نامۆبوون، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٩٣١٠.
- چەمکی نامۆبوون: پشت بەستن بە تێڕوانینە مارکسیستی و بوونگەراییەکان سەبارەت بە دابڕانی مرۆڤ لە کۆمەڵگە و سیستەمی سەرمایەداری، کە وەک کەرەستەیەک بۆ شیکردنەوەی تەنیایی و تراژیدیای ناو عەشق و ژیانی شاعیر بەکارهێنراوە.
- ئەرشیفی ڕووداوەکانی شاری سلێمانی (١ی ئەیلوولی ١٩٩٤): بەڵگەنامە و گێڕانەوە ڕۆژنامەوانییەکانی پەیوەست بە خۆپیشاندانەکەی گەڕەکی (حامیە) و چۆنیەتی شەهیدبوونی بەکر عەلی.