کوردێک کە سەرکردەیەکی حەشدی شەعبییە لە خانەقین دەستگیرکرا
  2026-08-31       91       

ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان لە قەزای خانەقینی سەر بە پارێزگای دیالە، کەسایەتییەکی دیار و سەرکردەی پێشووی حەشدی شەعبییان بە ناوی (کامەران وەیس موراد)، ناسراو بە (ئەبو مونتەزیر دەلوی)، دەستگیرکردووە. پڕۆسەی دەستگیرکردنەکە لەسەر بنەمای ماددەی (200) لە یاسای سزادانی عێراقی ئەنجامدراوە، کە تایبەتە بە تۆمەتەکانی پەیوەست بە نانەوەی ئاژاوە و هاندانی ناکۆکی تایفەگەری و نەتەوەیی.

ئاوێنە: بەگوێرەی زانیارییە بەدەستکەوتووەکان کە لە میدیاکانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، هۆکاری سەرەکی بۆ دەستگیرکردنی ناوبراو دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی. لەو گرتە ڤیدیۆییانەدا، داوای لە هاووڵاتییان کردبوو کە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی موڵک و زەوی لەگەڵ پێکهاتەی عەرەب نەکەن، ڕێگری لە نیشتەجێبوونیان لە خانەقین بکەن، هەروها داوای کردبوو هیچ پۆستێکی کارگێڕی یان حکومی بەو پێکهاتەیە نەدرێت.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان ئاماژەیان بە مێژووی کارکردنی ناوبراو کردووە، کە پێشتر لە یەکێک لە دەروازە سنوورییەکان ئەرکی هەبووە و پۆستێکی سەرکردایەتی لەناو حەشدی شەعبیدا بەڕێوەبردووە. ناوبراو دواتر پەیوەندی بە ڕێکخراوی بەدرەوە کردووە و بەرپرسیارێتی ئەو ڕێکخراوەکەی لە قەزای خانەقین پێسپێردراوە، پاشان پاشەکشەی لەو پۆستە کردووە و پەیوەندی بە بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقەوە کردووە، پێش ئەوەی لەو لایەنەش جیابێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×