فواد حسێن و هه‌ڵسوڕێنه‌ری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا تاوتوێی كاریگه‌ری سزاكانی سه‌ر ئێران له‌سه‌ر عێراق ده‌كه‌ن
  2026-09-03     

فواد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌گه‌ڵ ستیڤن فاگین، هه‌ڵسوڕێنه‌ری نوێی كاروباری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا، تاوتوێی سزا تونده‌كانی سه‌ر ئێران و ئه‌گه‌ری كاریگه‌ریی ئه‌و سزایانه‌یان له‌سه‌ر عێراق كردوه‌.

ئاوێنه‌: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، فواد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ له‌ به‌غدا پێشوازی كردوه‌ له‌ ستیڤن فاگین، هه‌ڵسوڕێنه‌ری نوێی كاروباری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ عێراق.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوه‌ "لە کۆبونەوەکەدا باس لە پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و ڕێڕەوی تەواوکردنی پێكهێنانی حکومەت کرا، جگە لە تاوتوێکردنی بارودۆخی سیاسی و ئه‌منی، له‌نێویاندا ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی حكومه‌تی عێراق لە چوارچێوەی كۆنترۆڵكردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا گرتونییه‌ته‌به‌ر، هەروەها هەردوو لا باسیان لە جۆڵەی سیاسی عێراق و سەردانە دەرەکییە چاوەڕوانکراوەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کرد، لە چوارچێوەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق و پەرۆشی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی".

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ "هەردوو لا ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی دراوسێ لە قۆناغی دوای جەنگی ئەمریکا و ئێران، هەروەها کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە و ئەو پێشهاتانەی دوای ئەوە هاتن بەسەر بارودۆخ و پەیوەندییە هەرێمییەکاندا، سەرباری تاوتوێکردنی چەندین پرس و پێشهاتی هەرێمی جێی بایەخی هاوبەش، بە هەمان شێوە کۆبونەوەکە باسی لە تێڕوانینەکانی تایبەت بە داهاتوی هەماهەنگی هەرێمی و شێوازەكانی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان وڵاتانی ناوچەکە کرد، بە جۆرێک بەشدار بێت لە بەهێزکردنی سەقامگیری و چارەسەرکردنی ئاستەنگە هاوبەشەکان".

لەروی ئابوریشه‌وه‌، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی به "كاریگه‌ربونی  عێراق کرد به‌ لێکەوتەکانی جەنگ لە ناوچەکە و داخستنی گەروی هورمز"، و ڕونی کردەوە کە "ئابووری عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە هەناردەی نەوت و داهاتە پەیوەندیدارەکانی دەبەستێت کە سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ ئابووری نیشتمانی."

له‌ كۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "هەروەها هەردولا تاوتوێی سزا ئابورییه‌ نوێ و تونده‌كانی ئەمریکایان کرد کە بەسەر ئێراندا سەپێنراون، له‌گه‌ڵ كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و سزایانه‌ له‌سه‌ر عێراق، بە تایبەتی لەسایه‌ی پەیوەندییە بازرگانییە بەردەوامەکانی نێوان هەردو وڵاتدا".

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×