وەزیری داراییی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ تیمی فەرمانگەی بودجە، بەدواداچوونی بۆ قۆناغەکانی داڕشتنی پڕۆژەی بودجەی کارنامە و ئەنجامەکان و تەواوکردنی سەرجەم پێداویستییە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی کرد.
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوکدا ئاشکرایکرد "فالح ساری، وەزیری داراییی عێراق، لەگەڵ تیمی کاری فەرمانگەی بودجە لە وەزارەت کۆبووەوە بەمەبەستی تاوتوێکردنی قۆناغەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەی بودجەی کارنامە و ئەنجامەکان و تەواوکردنی مەرجە تەکنیکی و کارگێڕییەکان".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیر لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو کارانە بوو کە لەلایەن تیمەکانی کارەوە ئەنجامدراون و پێداچوونەوەی بە دیارترین ئەو هەنگاوانەدا کرد کە ئێستا جێبەجێ دەکرێن، لە پاڵ تاوتوێکردنی سەرجەم ئەو تێبینی و پێشنیازانەی کە بۆ باشترکردنی پرۆسەکە خرابوونەڕوو.
فالح ساری لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا فەرمانی کردووە بە بەردەوامبوونی کارەکان، چڕکردنەوەی هەوڵەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەکان، پارێزگاکان و دامەزراوە حکومییەکان، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت لە داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجە لەسەر بنەمایەکی ورد، زانستی و واقیعی بۆ خزمەتکردنی ئابووریی گشتیی وڵات.