وەزیری نەوت: هەناردەی نەوتی عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە ٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و ئامانجمان بەدەستهێنانی خۆبژێوییە لە بەرهەمە پاڵێوراوەکاندا
  2026-09-08     

وەزارەتی نەوتی عێراق پلانێکی گشتگیر بۆ بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی کەرتەکانی نەوت و گاز جێبەجێ دەکات، کە ئامانج لێی زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردە، فرەچەشنکردنی دەروازەکانی گواستنەوە، پەرەپێدانی پاڵاوگەکان، بەگەڕخستنی گازی شل و کەمکردنەوەی سووتاندنیەتی، هاوکات لەگەڵ فراوانکردنی بەشداریی کۆمپانیا ناوخۆییەکان و بەهێزکردنی تواناکانی کادیری نیشتمانی.

ئاوێنە: ​لە میانەی دەستپێکردنی چوارەمین خولی پێشانگای عێراق بۆ نەوت، گاز، پڕۆژەکان و گەڕەکانی مۆڵەتدان، باسم محەمەد خەزیر، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە کۆمپانیا جیهانییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت توانیویانە ئاستی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە دەوروبەری ٢٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی ئێستاوە، بۆ زیاتر لە ٣ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا بەرز بکەنەوە.

​سەبارەت بە دۆسیەی ڕێڕەوەکانی هەناردەکردن، وەزیری نەوت ئاماژەی بەوە کرد کە هەنگاوی کردەیی نراوە لە ڕێگەی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان عێراق و تورکیا بۆ دووبارە چالاککردنەوە و پتەوکردنی دەروازەی باکوور و ڕەخساندنی ڕێگەی نوێ بۆ گەیاندنی نەوت بە بازاڕەکان. هاوکات کارکردن بەردەوامە لەسەر پڕۆژەی ستراتیژی لەگەڵ هاوپەیمانیی کۆمپانیاکانی "شێڤرۆن" و "تی ئەی"ـی ئەمریکی و هاوبەشی "یو سی سی"ـی قەتەری، بە مەبەستی بەستنەوەی هێڵی بەسرە بە فیشخابوور لەگەڵ دروستکردنی لقێک بەرەو بەندەری بانیاس، ئەمەش بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی هەناردە و پێدانی نەرمی زیاتر بە جووڵەی نەوتی عێراق لە بازاڕە جیهانییەکاندا.

​لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، خەزیر تیشکی خستە سەر واژۆکردنی ژمارەیەک ڕێککەوتنی هاوبەش لەگەڵ سەرۆک وەزیران بۆ پەرەپێدانی کێڵگە و بلۆکە نوێیەکانی گەڕان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخانی نەوتی. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە سێکتەری پاڵاوتن لە پێشینەی کارەکانی قۆناغی داهاتوودایە؛ بە جۆرێک کە کارکردن تەنها لەسەر زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی خاو ناوەستێت، بەڵکو کار دەکرێت بۆ بەرزکردنەوەی توانای پاڵاوتن بە مەبەستی دابینکردنی تەواوی پێداویستیی ناوخۆ و گەیشتن بە قۆناغی خۆبژێوی، تا لە قۆناغی دواتردا عێراق بتوانێت بەرهەمە نەوتییە پاڵێوراوەکانیش هەناردەی دەرەوە بکات، هاوکات ڕایگەیاند لە داهاتوویەکی نزیکدا دەرفەتی نوێ لەم بوارەدا بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەران دەخرێنە ڕوو.

​لە بواری پیشەسازیی پاڵاوتندا، وەزیری نەوت ئاشکرای کرد کە دوای زنجیرەیەک دانوستان، توانراوە کۆمپانیای (JGC)ـی ژاپۆنی ڕازی بکرێت بگەڕێتەوە بۆ عێراق و دەست بە پڕۆژەی (FCC) لە پاڵاوگەکانی باشوور بکاتەوە، کە هەنگاوێکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی پێکهاتە نەوتییە سووکەکان و زیادکردنی بەهای ئابووریی نەوتی ناوخۆیی.

​بەپێی وتەی وەزیر، دیدگای کارکردن لە قۆناغی ئێستادا پشتی بەستووە بە تێپەڕاندنی قەیرانەکان و هەنگاونان بەرەو بەدیهێنانی چارەسەری بەردەوام لە ڕێگەی:

​- وەبەرهێنانی گازی شل لەبری سووتاندنی.

​- گۆڕینی دۆخی عێراق لە وڵاتێکی هاوردەکاری سووتەمەنییەوە بۆ وڵاتێکی بەرهەمهێن و پاشان هەناردەکار.

- ​ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەباری وەبەرهێنان لەسەر بنەمای شەفافیەت و دادپەروەری لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و بەڵێندەرانی لاوەکی، هاوشان لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە هەموو شێوازەکانییەوە.

​لە کۆتایی وتارەکەیدا لە پێشانگاکە، باسم محەمەد خەزیر دووپاتی کردەوە کە عێراق لە کەرتەکانی دۆزینەوە، دەرهێنان، گاز، پاڵاوتن و خزمەتگوزارییە نەوتییەکان خاوەنی دەرفەتی بەرفراوانە، و هیوای خواست ئەم پێشانگا و کۆڕبەندە ببێتە بنەمایەک بۆ دروستکردنی هاوبەشیی ستراتیژی و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر بە ئاراستەی گەشەپێدانی بەردەوامی ئابووریی وڵات.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×