لە بەسرە هەزاران فەرمانبەری گرێبەستی پەروەردە بەهۆی بێ مووچەییەوە دەرگای بەڕێوەبەرایەتییەکەیان داخست
  2026-09-13       58       

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەدان فەرمانبەری گرێبەست لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای بەسرە، لە بەردەم بینای حکومیی بەڕێوەبەرایەتییەکە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوای خەرجکردنی شایستە داراییە دواکەوتووەکانیان کرد. ئەم گردبوونەوەیە هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوەپێکردنی چڕی هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی نەهێشتنی ئاژاوەگێڕی بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.

ئاوێنە: لە میانەی خۆپیشاندانەکەدا، بەشداربووان داوایان کرد مووچەی نزیکەی ١٠ هەزار فەرمانبەری گرێبەست، کە بەشێکن لە پرۆژەی ٣٨ هەزار گرێبەستەکە، بەپەلە خەرج بکرێت. هاوکات جەختیان لە پێویستیی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی ١٩ هەزار گرێبەستەکەی دیکە کردەوە. وەک خۆپیشاندەران ئاماژەیان پێداوە، دابەشنەکردنی مووچەکانیان ماوەی دوو بۆ نۆ مانگی خایاندووە، کە ئەمەش قەیرانێکی قورسی بژێویی بۆ دروستکردوون. لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆییشدا دەردەکەوێت کە خۆپیشاندەران لافیتەیان هەڵواسیوە و تێیدا بڕیاری "مانگرتنی کراوە" و داخستنی دەرگای بەڕێوەبەرایەتییەکەیان تا کاتی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان ڕاگەیاندووە.

ئەم پەرەسەندنە و هەڵوێستەی فەرمانبەران، تەنها دوو ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی لیژنەی تایبەتمەند بە وردبینی دۆسیەکان دێت. لیژنەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاشکرای کردبوو کە جیاوازی و کێشە لە ناوەکانی ٨٥١٧ فەرمانبەری گرێبەستدا هەیە، ئەمەش بەهۆی ئەنجامدانی پرۆسەی گۆڕین و جێگرتنەوە کە لەم دواییانەدا کراون. ئەم پێشهاتەش لە کاتێکدایە کە پێشتر لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردبووەوە کە ڕێکارەکانی ئامادەکردن و خەرجکردنی پارە بۆ بەشەکانی دیکەی گرێبەستەکان تەواو بووە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×