لە کاتێکدا گفتوگۆ و دەنگۆکان لەسەر پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریكا لە عێراق تا دێت زیاتر دەبن، واشنتۆن بە چڕی و بە وردی چاودێریی پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک دەکات لە دەستی گرووپە چەکدارەکان و میلیشیاکانی ناوخۆی عێراقدا.
ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (شەرقلئەوسەت) کە پشت بە سەرچاوەیەکی ئاگادار دەبەستێت، لەگەڵ نزیکبوونەوەی قۆناغی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریكا لە ٣٠ی ئەم مانگەدا، پرسی سنووردارکردنی چەک و گەڕاندنەوەی بۆ ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت، هێشتا وەک گرفتێکی گەورە لە دەرەوەی تواناکانی چوارچێوەی حکوومەتی عێراقدا ماوەتەوە. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چارەسەرکردن و یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسە ئاڵۆزە، ڕەنگە تا ساڵی ٢٠٢٨ درێژە بکێشێت.
ڕۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لە ماوەی ڕابردوودا چوار کۆبوونەوەی گرنگ لە نێوان هەر یەک لە نووری مالیکی، محەممەد شیاع سوودانی و هادی عامری بەڕێوەچووە. ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوانە تاوتوێکردنی پرسی هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و قۆرخکردنی مافی بەکارهێنانی چەک بووە تەنیا بۆ دەزگاکانی دەوڵەت. هەرچەندە لەم دانیشتنانەدا گفتوگۆ لەسەر ئەوە کراوە کە لەم قۆناغەدا گرووپەکان چەک بەکارنەهێنن، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک و ڕێککەوتنێکی کۆتایی.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەکەی (شەرقلئەوسەت) ڕوونی کردووەتەوە کە مانەوەی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت وەک "بۆمبێکی کات بۆ دانراو" وایە کە گرووپە چەکدارەکان بۆ یەکلایینەکردنەوەی پرسی بەدەوڵەتیکردنی چەک داویانەتەوە. بە بڕوای ئەو گرووپانە، هەر جۆرە ڕێککەوتنێک کە تەنیا بۆ بەکارنەهێنانی چەک بێت لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا، هەوڵێکی بێ بنەما و بێئەنجامە. بەم پێیەش، پێدەچێت ململانێ و دۆخەکە تا ساڵی ٢٠٢٨ بەم شێوەیە بەردەوام بێت، تا ئەو کاتەی لایەنەکان دواجار دەگەنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ سنووردارکردن و کۆنترۆڵکردنی یەکجاریی چەک.