وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئاشکرایکرد، بەهۆکاری رەخساندنی کات بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی تاقیکردنەوەی خولی دووەم دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ دوادەکەوێت.
ئاوێنە: وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە پێگەری فەرمی خۆی لە فەیسبوک راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە "لەسەر فەرمانی عەبدولکەریم عەبتان جبووری، وەزیری پەروەردەی عێراق دەستپێکردنی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٦–٢٠٢٧ بۆ ڕۆژی یەکشەممە ١١ی تشرینی یەکەمی داهاتوو دواخرا لەبری 20ی ئەم مانگە کە بڕیار بوو ئەو کاتە دەرگای قوتابخانەکان بکرێنەوە".
سەبارەت بە هۆکاری دواخستنەکەش وا هاتووە کە "دواخستنەکە بە مەبەستی ڕەخساندنی کاتی پێویست بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی تاقیکردنەوەی خولی دووەم و ئامادەکردنی قوتابخانەکان بۆ ساڵی نوێ دێت".
پەیوەست بە هۆکارێکی دیکەشەوە، وەزارەتەکە دەڵێت "بەهۆی بەرزبوونی پلەکانی گەرمایە لە شارەکانی عێراق لەم ماوەیەدا، ئەمە جگە لەوەی هەوڵ دەدرێت سەرجەم پێداویستییە و تەکنیکی و کارگێڕییەکان تا ئەوکاتە تەواو بکرێن".