موقتەدا سەدر هۆشداریی توند دەداتە بازرگانان: ئەگەر حکومەتی خۆجێی بێدەنگ بێت، ئێمە دەستەوەستان نابین
  2026-09-18       79       

ڕۆژی هەینی، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، پەیامێکی ئاراستەی بازرگانانی عێراق کرد و تیایدا جەختی لە پێویستیی پابەندبوون بە بنەماکانی بازرگانیی دروست و ڕێزگرتن لە پێگەی پارێزگا پیرۆزەکان کردەوە.

ئاوێنە: ​پەیامەکەی سەدر لە میانەی وتاری نوێژی هەینی لە مزگەوتی کووفە لەلایەن کازمی حوسێنییەوە خوێندرایەوە. لە وتارەکەدا سەدر داوا لە بازرگانان دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی لە پارێزگا پیرۆزەکاندان و تەواوی عێراق، پابەندی دەستپاکی و ڕزقی حەڵاڵ بن. هەروەها جەخت لەسەر مامەڵەی ڕاستگۆیانە لەگەڵ هاووڵاتیان دەکاتەوە و داوایان لێ دەکات خۆیان لە فێڵکردن، ساختەکاری و بەرزکردنەوەی نرخەکان بەدوور بگرن.

​لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، کە پێویستە بازرگانان لە هەموو ئەو کارانە دوور بکەونەوە کە لە ڕووی ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە قەدەغەکراون. سەدر ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەگەر لە ئایینەکەتاندا ئازاد نین، ئەوا لە دونیاتاندا ئازاد بن، ئازادیی دونیاش ئەوەیە کە ئەو شتانە ڕەت بکەیتەوە کە بۆ خۆت و خێزانەکەت پەسەند نین."

​ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە هۆشداریی دا لە مامەڵەکردن بە شتە حەرامەکان، سوودخۆری (ڕیبا)، قازانجی لەڕادەبەدەر و ڕەفتاری نەشیاو. هاوکات هۆشداریی دایە حکومەتە خۆجێییەکان و ڕایگەیاند، ئەگەر دەسەڵاتداران چاوپۆشی لەم پێشێلکارییانە بکەن، ئەوان وەک ڕەوتەکەیان دەستەوەستان نابن. سەدر جەختیشی کردەوە: "ئەوەی ڕێز لە نەجەف و ناوبانگەکەی نەگرێت، ئێمەش ڕێزی لێ ناگرین و ئەمە بڕیارێکی حاشاهەڵنەگرە."

​لە کۆتایی پەیامەکەیدا، داوای لە بازرگانان کرد کە شارەزایی لە بنەماکانی ئاییندا پەیدا بکەن بەپێی ئەو بنەمایەی کە دەڵێت "بازرگان تاوانبارە تا ئەوکاتەی شارەزایی ئایینی پەیدا دەکات". هەروەها داوای لەو کەسانە کرد کە پابەند نین تۆبە بکەن. هاوکات دڵنیاییدا کە سەرەڕای تێبینییەکان، هێشتا متمانەیان پێیانە، بەڵام بەوردی چاودێریی کار و ڕەفتارەکانیان دەکەن وەک بەشێک لە پڕۆژەی چاکسازیی ڕیشەییان لە عێراقدا، و هۆشداریشی دا کە ڕێگە نەدەن شەیتان کۆنتڕۆڵیان بکات و لە ڕێگەی ڕاست لایانببات.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×