حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، ڕێکەوتی ٣٠ی ئەیلوول وەک "مافێکی سەروەری" سەیر دەکرێت کە بنەما دادەنێت بۆ گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. ئاماژەی بەوەشکرد کە پەیوەندییەکان دەگۆڕدرێن بۆ پەیوەندیی دووقۆڵی کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بونیاد نراون.
ئاوێنە: لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی عێراق، عەبوودی ڕوونیکردەوە کە حکومەت بەردەوامە لە هەنگاوەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئەوەش بەپێی ئەو خشتە کاتی و میکانیزمانەی پێشتر ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ڕۆژە، دەبێتە خاڵی دەستپێک بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی تەواوەتی دەوڵەت و یەکخستنی بڕیاری ئەمنی لە وڵاتدا.
وتەبێژەکەی حکومەت باسی لەوەش کرد کە دیاریکردنی ٣٠ی ئەیلوول پشت بە لێکتێگەیشتن و پابەندبوونە فەرمییەکان دەبەستێت و حکومەتیش وەک "نەگۆڕێکی نیشتمانی" مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. وتیشی، عێراق لەم دۆسیەیەدا سەرجەم ئامرازە دەستووری، سیاسی و دیپلۆماسییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت، سەرباری ئەوەی کە دامەزراوەکان و هێزە چەکدارەکانی توانای بەڕێوەبردنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەیان هەیە و هیچ گۆڕانکارییەک لە دەرەوەی ئیرادەی دەوڵەتی عێراق بەسەر ئەم پرۆسەیەدا نایەت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەبوودی ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد کە لە سەرەتای دەستکاربەکاربوونیەوە، پرسی سەروەریی خستووەتە پێشەنگی کارەکانی. ڕوونیشیکردەوە کە "ڕۆژی سەروەری" ڕاگەیاندنی قۆناغێکی نوێیە کە تێیدا بڕیاری ئەمنی یەکدەخرێت و چەک تەنها بەدەست دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانەوە دەبێت.
لە کۆتاییدا، ناوبراو پەیوەندییەکی توندی لە نێوان سەروەری، سەقامگیری، و متمانەبوون بە دامەزراوەکانی دەوڵەت خستەڕوو. دووپاتیشی کردەوە کە حکومەتی عێراق کار دەکات بۆ بەکارهێنانی ئەم بنەمایانە بە مەبەستی ڕەخساندنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ وەبەرهێنان و بەرزکردنەوەی توانای عێراق بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیاکان و سەرمایەی دەرەکی، هەروەها دروستکردنی هاوبەشیی هاوسەنگ و بەرهەمدار.