ڕۆژی یەکشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق کۆمەڵێک ڕێوشوێنی نوێی گرتەبەر بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی لە نێوان نرخی فەرمی دۆلار و نرخی بازاڕی هاوتەریبدا دروست بووە، ئەمەش لە پێناو گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ نرخی دراو لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەکانی ناو بانکی ناوەندییەوە دەستکەوتوون، ئەم هەنگاوانە کاردانەوەیەکن بۆ ئەو شەپۆلە بەرزبوونەوەیەی کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بازاڕەکانی گرتەوە، کاتێک بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی سنووری ١٦٠ هەزار دیناری تێپەڕاند.
لە چوارچێوەی ئەم هەوڵانەدا، بانکی ناوەندی بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانەی کە دەبنە هۆی بەرەوپێشبردنی ژینگەی کاری بانکی و بەرزکردنەوەی توانای سیستەمی دارایی. ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوانە دەستەبەرکردنی بنەماکانی گەشەی ئابووریی بەردەوام، سەقامگیریی دارایی بۆ ماوەی درێژخایەن، هەروەها پاراستنی جێگیریی نرخی دراو و سەلامەتی سەرجەم کەناڵە داراییەکانە لە وڵاتدا.
پێشتریش لە ڕاگەیەندراوێکدا، بانکی ناوەندیی عێراق جەختی لەوە کردبووەوە کە بەبێ وەستان بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی پارە بۆ بازرگانیی دەرەکی لە ڕێگەی کەناڵە باوەڕپێکراوەکانەوە. لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەشی کە لە هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن سەبارەت بە سستبوونی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخەکان بڵاوکرابوونەوە، بانکەکە دڵنیایی دا کە یەدەگی دراوی بیانی عێراق لە ئاستێکی زۆر باشدیە و بەتەواوی بەشی پڕکردنەوەی سەرجەم خواستەکان دەکات؛ چ بۆ حەواڵەی دەرەکی، چ بۆ پاکتاوکردنی کارتە بانکییەکان، و چ بۆ دابینکردنی دۆلاری نەختینەیی بۆ گەشتیاران بەپێی نرخی فەرمی.
سەبارەت بە هۆکارەکانی هەڵکشانی نرخی دۆلار لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، بانکی ناوەندی ڕوونیکردەوە کە ئەم دۆخە دەرئەنجامی قۆرخکاری و دروستکردنی چاوەڕوانیی نەرێنییە لە بازاڕدا. ئاماژەی بەوەش داوە کە هەندێک لایەنی سوودمەند، بارودۆخی ئاڵۆزی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکەیان قۆستووەتەوە بۆ دروستکردنی شڵەژان لە باری ئابووری و دارایی وڵاتدا. سەرباری ئەمەش، بانکەکە دووپاتی کردەوە کە پرۆسەی پڕەوپێدانی بازرگانی دەرەکی بەردەوام دەبێت بۆ زامنکردنی هاتنی کاڵا و دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆیی.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بانکی ناوەندی داوای لە سەرجەم هاووڵاتیان کرد کە بۆ وەرگرتنی زانیاری، تەنها پشت بە بەیاننامە و داتا فەرمییەکانی خودی بانکەکە ببەستن و خۆیان بەدوور بگرن لەو هەواڵ و پڕوپاگەندانەی کە لە سەرچاوەی نافەرمییەوە بڵاودەکرێنەوە. هاوکات ڕایگەیاند کە هاووڵاتیان دەتوانن لە ڕێگەی پێگەی فەرمی سكاڵای بانکی ناوەندییەوە، هەموو جۆرە سەرپێچییەک ڕاپۆرت بکەن یان پرسیارەکانیان ئاراستە بکەن.