وتهبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئهمڕۆ یەکشەممە، جهختی كردهوه کە پاڵاوتگە نیشتمانییەکان بە تەواوی توانای بەرهەمهێنانیانەوە کار دەکەن. دهشڵێت، هەناردەی نهوت له باشور و باکوری وڵاتهوه رۆژانە دەگاتە 2.6 ملیۆن بەرمیل، ئهوهش لهسایهی ئاڵهنگارییەکانی گەروی هورمزدا.
ئاوێنه: سهلیم ركابی، وتهبێژی وهزارهتی نهوتی عێراق له لێدوانێكدا بۆ میدیای رهسمی عێراق وتی، "ئهو گرێبهستهی كراوه بۆ بڕێک لە بهنزینی موحەسەن و گازوایل، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ و بەهێزکردنی یەدەگی ستراتیژییە."
ئاماژەی بەوەش کرد کە "بڕی گرێبهست لەسەرکراو بە تێکڕای 4-5 هەزار مەتر سێجایه لە ڕۆژێکداو بەپێی ئەوەی بهردهسته له هاوردهكردن."
ئەوەشی وت "پاڵاوگەکان بەتەواوی توانای بەرهەمهێنانی خۆیانهوه کار دەکەن و پلانێکیش هەیە بۆ زیادکردنی توانای پاڵاوتن لە ڕێگەی فراوانکردنی پاڵاوگە نیشتمانییەکانەوە، لەوانەش پاڵاوگەی دیوانییە و میسان."
وتیشی، "کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی خاو بە شێوازی خستنەڕو لە بەندەرەکان و بە باشترین نرخی پێشکەشکراو و بە نرخێکی داشکاندنی جێگیر دەفرۆشێت، هەروەها گفتوگۆشیان لەگەڵدا دەکرێت بۆ بەرزکردنەوەی نرخە پێشکەشکراوەکان."
ئەوەشی خستەڕو کە "بڕی گرێبهست لەسەرکراوی بهنزینی موحەسەن و گازوایل بۆ چهند مانگێك بڕێکی زیاتره، بەڵام ئەوەی ڕۆژانە دابین دەکرێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان بەرهەمهێنان و بەکاربردن، ئەو بڕانەیە کە ئاماژەمان پێ دان".
ئاشكراشیكرد، "تێکڕای هەناردەکردنی نهوت له باشوری وڵاتهوه نزیكهی 2.4 ملیۆن بەرمیل و له باکورهوه نزیكهی 200 هەزار بەرمیلی رۆژانهیه."