شەوی ڕابردوو، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە ٢٩٥ی خۆی بە ئامادەبوونی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە نووسینگەی عەبدولحسێن موسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانی گرێدا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە ناوخۆیی و هەرێمییەکان.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی چوارچێوەکە کە سەبارەت بە ناوەڕۆکی دیدارەکە بڵاوکراوەتەوە، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە پرسی تەواوکردنی کابینەی حکومەت بووە. بەشداربووان جەختیان لە گرنگیی پەلەکردن لە پڕکردنەوەی ئەو پۆستانە کردەوە کە تا ئێستا بەتاڵ ماون، ئەوەش لەسەر بنەمای پێوەرەکانی لێهاتوویی و دەستپاکی و بە جۆرێک کە لەگەڵ شایستە نیشتمانییەکاندا بگونجێت، بۆ ئەوەی ڕێکخستنی کاری دامەزراوەکانی دەوڵەت بەتەواوی مسۆگەر بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کورتەیەکی سەبارەت بە ئەنجامی سەردانەکانی ئەم دواییەی بۆ ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی و ئەو لێکتێگەیشتنانەی تێیدا بەدەستهاتوون خستەڕوو. لە بەرامبەردا، ئامادەبووان دەستخۆشییان لە هەوڵەکانی حکومەت کرد بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق، هەمەجۆرکردنی هاوبەشییەکان و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی.
هاوکات، تاوتوێی ئامادەکارییەکان بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ نیویۆرک بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا. چوارچێوەی هەماهەنگی پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە لەو سەردانەدا پەیامەکانی عێراق بەڕوونی بگەیەندرێن، بەتایبەتی لە پرسی پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق، ڕەتکردنەوەی هەر دەستوەردانێک لە کاروباری ناوخۆیی، و پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە. هەروەها بە گرنگییەوە باس لە خستنەڕووی ئەو دەستکەوتانە کرا کە لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە، گەشەپێدان و کرانەوە بەڕووی جیهاندا بەدەستهاتوون.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دووپاتیان لە یەکڕیزیی هەڵوێستەکان و تەبایی نێوانیان کردەوە. پەرۆشیی خۆشیان بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان دەربڕی بە ئامانجی پارێزگاریکردن لە ڕێڕەوی دەستووری و سەقامگیریی سیاسیی وڵات، و جارێکی دیکەش پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ حکومەت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و کارنامەکەی ڕاگەیاند.