ئینتەرنێتەکەی مەسک لە عێراق دەکەوێتە کار
  2026-09-22     

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا یەکەم کاروانی ئامێرەکانی ستارلینک بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی ئاسمانی دەگاتە دەست بەکارهێنەران.

 

ئاوێنە: دەستەکە لەمیانی راگەیاندراوێکدا دەڵێت "بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئەو ئامێرانەی ستارلینک کە پێشتر راگیرابوون، ئەوەش بە مەبەستی خێراکردنی پرۆسەی گەیشتنیان بۆ بازاڕەکانی عێراق".

هەروەها راشیگەیاندووە، دواکەوتنی بارەکان پەیوەندی بە رێکارەکانیانەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی تەواوکردنی پێداویستییەکانی سیستمی گومرگی (ئاسیکوودا) بووە لە لایەن ستارلینکەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، هەفتەی رابردوو کۆمپانیاکە سەرجەم مەرجە یاسایی، گومرگی و باجەکانی جێبەجێ کردووە.

لە هەمانکاتدا سەرۆکی دەزگای جێبەجێکردن لە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان، لەگەڵ فالح ساری وەزیری دارایی کۆبووەتەوە بۆ ئاسانکاری لە هاتنەناوەوەی ئامێرە رێگەپێدراوەکان. دەستەکە جەختی لەوەشکردەوە، بە چارەسەرکردنی ئاستەنگە یاساییەکان، پرۆسەی هاتنەناوەوەی ئامێرەکانی ستارلینک کەوتووەتە سەر رێڕەوی خۆی و بارەکانی داهاتووش بە ئاسانی دەگەنە دەست هاوڵاتییان.

جێی ئاماژەیە، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی ستارلینک کە سەر بە کۆمپانیای (سپەیس ئێکس)ـە و لەلایەن ملیاردێری ئەمریکی ئیلۆن مەسکەوە خاوەندارێتی دەکرێت، پشت بە تۆڕێکی گەورەی مانگە دەستکردەکان دەبەستێت لە خولگەی نزمدا بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی خێرا بۆ ئەو ناوچانەی ژێرخانی ئینتەرنێتیان لاوازە.

جگە لەوەش، پرۆسەی هێنانی ئامێرەکانی پێشوازیی ئینتەرنێتەکە (دەفرەکان) لە دەروازە سنوورییەکان رووبەڕووی کێشەی گومرگی و باج بووەوە و بۆ ماوەیەک راگیران؛ بەڵام ئێستا بە چارەسەرکردنی ئەو کێشانە و گەیشتنی ئامێرەکان، پێشبینی دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوودا بەکارهێنانی ئەم جۆرە ئینتەرنێتە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فراوانتر بڵاو ببێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×