وتەبێژی ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران ڕایگەیاند، فڕۆکەخانەکانی بەغدا و مەسقەت لە وەرگرتنی فڕۆکەکانی ئێران دەوەستن.
ئاوێنە: بەپێی هەواڵی دەزگای نێودەوڵەتیی تەسنیم، وتەبێژی ڕێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنیی ئێران ڕایگەیاندووە کە فڕۆکەخانەکانی بەغدا و مەسقەت، لە کاتژمێر ١٢ی شەوی ئەمڕۆ بە کاتی ناوخۆ، چیتر ڕێگە بە وەرگرتنی فڕۆکەکانی ئێران نادەن.
وتوشیەتی "لە ئێستادا گفتوگۆ و هەماهەنگییەکی چڕ و بەردەوام لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا دەکرێت، بۆ ئەوەی ڕێڕەوی فڕۆکەکان کە بەرەو بەغدا دەچن بگۆڕدرێت و بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف ئاراستە بکرێن".
هەر لەو چوارچێوەدا، وتەبێژەکە پشتڕاستیکردەوە کە هەموو گەشتە دەرەکییەکانی تری فڕۆکەکان، لەوانەش ئەو گەشتانەی بەرەو ئیستانبوڵ دەچن، بەپێی خشتەی کاتی ئاسایی خۆیان بەردەوام دەبن و هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نایەت.
هەروەها جەختیکردەوە کەلە ئێستادا هیچ بەربەستێک نییە کە کاریگەری لەسەر جوڵە و بەڕێوەچوونی ئەم گەشتانە هەبێت.