مالیکی لە دیدارێکدا لەگەڵ بەرپرسی کارەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، وادەی راگەیاندنی بەرنامەی کۆنترۆڵکردنی چەک ئاشکرا دەکات
  2026-09-23     

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رۆژی چوارشەممە لە میانی پێشوازیکردنی لە ستیڤن فەیگن، بەرپرسی کارەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، رایگەیاند کە لە ٣٠ی ئەیلوولدا خشتەیەکی کاتی و بەرنامەیەک تایبەت بە قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا رادەگەیەنرێت.

ئاوێنە: نووسینگەی راگەیاندنی مالیکی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا، پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە، و رێگەکانی بەهێزکردنی هاریکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات کراوە.

مالیکی وێڕای بەخێرهێنانی فەیگن و هیوای خواستن بۆ سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا، جەختی لە گرنگیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا کردەوە لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش، بەتایبەتی لە چوارچێوەی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات.

هەردوولا تیشکیان خستە سەر گرنگیی سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن لە مانگی تەممووزی رابردوودا، کە رۆڵی هەبووە لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و کردنەوەی دەرگای نوێ بۆ هاریکاری لە چەندین بواردا.

لە رووی ئەمنییەوە، مالیکی دووپاتی کردەوە کە عێراق بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەپێی دەستوور و یاسا، بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بپارێزێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە کارکردن لەم پرسەدا لە رێگەی ئەو لیژنەیەوە دەکرێت کە چوارچێوەی هەماهەنگی پێکیهێناوە بۆ گەیشتن بە بەرنامەیەکی روون و دیاریکراو، و جەختیشی کردەوە کە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە پێویستە لە رێگەی گفتوگۆ، لێکتێگەیشتن، و رێکارە دەستووری و یاساییەکانەوە بێت.

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا روونیکردەوە کە لە ٣٠ی ئەیلوولدا خشتەیەکی کاتی و بەرنامەیەک بۆ ئەم مەبەستە رادەگەیەنرێت. هاوکات هۆشداری دا کە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیانە دەبێت بە شێوەیەکی هاوسەنگ و هاوکات بێت، بە جۆرێک کە سەروەریی عێراق و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی پارێزراو بن.

سەبارەت بەو هێرشانەی دەکرێنە سەر وڵاتانی دراوسێ، مالیکی جەختی لەوە کردەوە کە عێراق رەتی دەکاتەوە خاکی وڵاتەکەی وەک خاڵی دەستپێک بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێک بەکاربهێنرێت، چ لەلایەن گرووپە عێراقییەکان یان ناعێراقییەکانەوە بێت. هەروەها داوای کرد چاوەڕێی دەرەنجامی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان بکرێت و پێش تەواوبوونیان هیچ هەڵوێست و دەرەنجامێکی پێشوەختە رانەگەیەنرێت.

مالیکی باسی لەوەش کرد کە عێراق چاوەڕوانی قۆناغێکی نوێیە کە تیایدا سەقامگیری، ئاوەدانکردنەوە، و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان لە پێشینەی کارەکان دەبن. هەروەها ئاماژەی بە قۆستنەوەی دەرفەتی کۆتاییهاتنی بوونی بیانی کرد بۆ تێپەڕین بەرەو قۆناغێکی فراوانتری هاریکاریی ئابووری و وەبەرهێنان، و بانگهێشتی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی کرد بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەکانی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی عێراق.

لە بەرامبەردا، ستیڤن فەیگن دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی ئارەزووی بەردەوامیدان بە هاریکارییەکانی لەگەڵ عێراق و بەهێزکردنی هاوبەشیی ئابووری و وەبەرهێنان دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا هەوڵ دەدات پشتگیری عێراق بکات لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و فراوانکردنی بوارەکانی هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات. فەیگن خۆشحاڵیی خۆی بە گەڕانەوەی بۆ بەغدا دەربڕی و گرنگیی رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاوی بۆ کارکردن و وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بازاڕەکانی عێراقدا دووپات کردەوە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، بەپێی راگەیەندراوەکە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن کردەوە، بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق، و خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و سەقامگیریی ناوچەکە.

زۆرترین بینراو
لە لیبیاوە بۆ ئیتاڵیا؛ ١٨ کۆچبەری کورد بەهۆی تێکشکانی یەختەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا
هێزە ئەمنییەکان کۆتاییان بە مانگرتنی پێنجوێن هێنا و دەیان کەس دەستبەسەر کران
مەرجەکانی ناردنی بەنزینی 450 دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا کران
ئەمریکا مەرج بۆ عەلی زەیدی دادەنێت: دوورخستنەوەی لایەنەکانی سەر بە ئێران یان سزای دارایی قورس
گەرمترین ڕۆژی مانگی ئەیلوول بەڕێوەیە؛ کەشناسیی هەرێم پێشبینییە نوێیەکانی بڵاوکردەوە
بەڵگەنامەکان لەنێو ئاو و پوشدا شاردرابوونەوە؛ دەستەی دەستپاکی تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی دەستگیرکرد
تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی: فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر ئەگەری هێرشکردنە سەر حوسییەکان دابەشبوون
ئەردۆغان: کۆتایی بە شەڕی حوسییەکان و سعودیە دەهێنین
کۆمەڵەی پەنابەران: هەواڵی خنکانی کۆچبەرانی ڕاپەڕین لە دەریای ناوەڕاست ڕاست نییە
پێشنیازێک کارمەندانی بەرگری، ناوخۆ و دژەتیرۆر سەرپشک دەکات لە گۆڕینی میلاکەکەیان بۆ مەدەنی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×