عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران، ڕەزامەندیی نیشان داوە لەسەر جێگیرکردنی ١٥٠ هەزار پلەی دامەزراندن لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵیدا. بڕیارە پرۆسەی بەڕێوەبردن و دابەشکردنی ئەم پلە وەزیفییانە بەتەواوی بدرێتە دەست "ئەنجومەنی خزمەتگوزاریی گشتیی فیدراڵی"، ئەوەش بە مەبەستی زامنکردنی دادپەروەری و ڕەخساندنی هەلی یەکسان بۆ سەرجەم پێشکەشکاران.
ئاوێنە: لەم بارەیەوە، شەیما فەتلاوی، ئەندامی پەرلەمان، بە ڕۆژنامەی فەرمیی ڕاگەیاندووە کە سەرۆک وەزیران بە فەرمی ڕەزامەندیی لەسەر تەرخانکردنی ئەو ١٥٠ هەزار پلە وەزیفییە داوە. ناوبراو پشتڕاستیشی کردەوە کە لە ئێستادا جووڵە و هەماهەنگییەکی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەدا هەیە، بۆ ئەوەی بەپەلە گشتاندنێک ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاکانی تر بکرێت، تاوەکو قەبارەی پێداویستییە ڕاستەقینەکانیان لە ڕووی میلاکی فێرکارییەوە دیاری بکەن.
فەتلاوی ڕوونیشی کردەوە کە ئەو هەماهەنگییەی ئێستا هەیە، پەیوەندیکردن بە نوێنەری دەرچووە کۆنەکانەوە دەگرێتەوە، بە مەبەستی ئامادەکردن و پێدانی داتای پسپۆڕییەکانیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بەشێکی زۆر گرنگ لەم پلە نوێیانەی دامەزراندن، تەرخان دەکرێن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایی و کەمییەی کە لە ئێستادا لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا دروست بووە.