لە وتاری نوێژی هەینی ئەمڕۆدا لە شاری نەجەف، سەدرەدین قوبانچی ڕایگەیاند کە پابەندبوونی عێراق بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق ناکات، و داوای لە دامەزراوەکانی دەوڵەت کرد پێداچوونەوە بەو هەڵوێستەدا بکەن.
ئاوێنە: قوبانچی لە میانی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەبارەت بەو بەشەی پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، دروست نییە وڵاتەکە وەڵامدەرەوەی ئەو سزایانە بێت کە ناوبراو بە "ستەمکارانە" وەسفی کردن. جەختیشی لەوە کردەوە کە نابێت ڕێگە بدرێت هیچ لایەنێکی ململانێکان، هەڵوێستێک بەسەر عێراقدا بسەپێنێت کە خزمەت بە گەل، بەرژەوەندی و ناسنامەی وڵاتەکە نەکات، هەر بۆیە پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بە پێویست دەزانێت.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا و سەبارەت بە پرسە نێودەوڵەتییەکان، قوبانچی تیشکی خستە سەر کشانەوە و چوونە دەرەوەی نوێنەری زیاتر لە ٨٠ وڵات لە هۆڵی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتی پێشکەشکردنی وتارەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل. ئەو پێی وایە ئەم هەنگاوە بەڵگەیە بۆ "سەرکەوتن لە ڕای گشتیی جیهانیدا".
بە بڕوای قوبانچی، ئەو دیمەنەی نێو نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئیسرائیل قەوارەیەکی "ناشەرعی و تیرۆریستییە" و مانەوەی پشتی بەستووە بە کوشتن و کۆمەڵکوژی.
لە کۆتاییدا، وتارخوێنەکەی نەجەف ڕەخنەی لە ڕۆڵ و کاریگەریی نەتەوە یەکگرتووەکان گرت و کۆبوونەوەکانی ئەو ڕێکخراوەی بە بێکاریگەر و تەنیا وەک مینبەرێک بۆ پێشکەشکردنی وتاری "بێ ئاکام" وەسف کرد. بۆ سەلماندنی ئەمەش ئاماژەی بەوە کرد کە تەنانەت دادگای نێودەوڵەتیش کاتێک سەرکۆنەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کرد، ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی سزاکانی ئەمریکا بووەتەوە.