سەدر سۆشیاڵ میدیا بە "چەکی دووسەرە" ناو دەبات و هەڕەشەی بێبەریبوون لە لایەنگرانی سەرپێچیکار دەکات
  2026-09-25     

ڕۆژی هەینی، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەسەر کاریگەرییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە و وەک "چەکێکی دووسەرە" وەسفی کرد کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی یان هۆکارێک بۆ داڕمانی ئەخلاقیی مرۆڤەکان.

ئاوێنە: سەدر لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کاتێک ئەم پلاتفۆرمانە دەکەونە دەست کەسانی نەشارەزا و خاوەن مەبەست، دەبنە هۆکاری تێکچوونی بنەماکانی کۆمەڵگە. ناوبراو پێی وایە، ڕەنگە ئەمە پلانێکی ڕۆژئاوا بێت بۆ بێئاگاکردن و پەرتەوازەکردنی کۆمەڵگە ئیسلامییەکانی ڕۆژهەڵات، بە شێوەیەک کە سۆشیاڵ میدیا لە ئامرازێکەوە بووەتە ئامانج. هەروەها ڕەخنەی لەو پاداشتە داراییانە گرت کە لە بەرامبەر بینەردا بە بڵاوکاران دەدرێت، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی کوالێتی و جۆری ناوەڕۆکی بابەتەکان بکرێت.

سەبارەت بە شوێنکەوتووانی ڕەوتەکەی و ئەوانەی خۆیان بە بنەماڵەی سەدرەوە دەبەستنەوە، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە هۆشدارییەکی توندی دا و ڕایگەیاند، گواستنەوەی ئەم جۆرە بەکارهێنانە نەرێنییە بۆ ناو ڕیزەکانیان بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵ نییە و وەک کارێکی "حەرام و قەدەغەکراو" مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

لەو چوارچێوەیەدا، سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد پابەندی ڕێنماییەکانی مەرجەعیەت و سیستەمی چاودێری بن بۆ پاراستنی وێنەیەکی دروست و گونجاو، و هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە بەبێ دوودڵی بێبەریبوونی خۆی لە هەر کەسێک ڕادەگەیەنێت کە لەم بوارەدا خراپەکاری بکات.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، موقتەدا سەدر ڕوونی کردەوە کە ئەم هەڵوێستە بە واتای ڕەتکردنەوەی تەواوەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نایەت، بەڵکو بوونی بابەتە سوودبەخشەکان بەرز دەنرخێنێت و هانی بەدواداچوون و بڵاوکردنەوەیان دەدات. بۆ ئەم مەبەستەش، پێشنیاری کرد کە کەسانی پسپۆڕ لیژنەیەکی چاودێریی کۆمەڵایەتی پێکبهێنن، تاوەکو بتوانن ئاراستەی پەخشە ڕاستەوخۆکان و ناوەڕۆکەکان بە شێوەیەک ڕێکبخەنەوە کە لە خزمەتی بەرژەوەندییە گشتی و تایبەتییەکاندابێت.

زۆرترین بینراو
گۆڕانکاری لە نرخی فەرمیی دۆلار بازاڕەکانی عێراقی شڵەژاند
پژاک پەیامێک ئاراستەی ئێران دەکات: بژاردەکانتان یان جەنگ و وێرانییە یان ئاشتی و دیموکراسی
بانکی ناوەندی عێراق: بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار لە خزمەتی هاووڵاتییاندایە
فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی یاسا: به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی دۆلار، موچه‌ی هاوڵاتیان به‌ڕێژه‌ی 20% كه‌م ده‌بێته‌وه‌
لە بەغداد خۆپیشاندان دژی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار دەستیپێکرد و بەشێک لە بازاڕەکان داخران
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: هیچ سیسته‌مێكی به‌رگریی ئاسمانیمان وه‌رنه‌گرتوه‌
بە فەرمی وەزارەتی دارایی عێراق گۆڕانکاری لە نرخی دۆلاردا کرد و بڕیارێکی گومرگیشی هەڵوەشاندەوە
شاخه‌وان عه‌بدوڵا: په‌رله‌مان ناتوانێت نرخی دۆلار دیاری بكات
حوسییەکان فڕۆکەخانەی عەدەنیان موشەکباران کرد؛ گرژییە سەربازییەکان لە یەمەن و سنوورەکانی سعودیە پێ دەنێنە قۆناغێکی نوێوە
بانکی ناوەندی ئاشکرای دەکات: چەندین نوسراومان بۆ وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم کردووە و وەڵامیان نەداوینەتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×