فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پلانەکانی بەغدای بۆ قۆناغی دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی خستەڕوو. لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەغدا پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە و لە ئێستادا دانوستانەکان لەگەڵ سەرکردەی گروپە چەکدارەکان بەردەوامە بەمەبەستی ڕادەستکردنی چەکەکانیان.
ئاوێنە: لەسەر پرسی چەک، وەزیری دەرەوە جەختی لەوە کردەوە کە پرسی ڕادەستکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ چەک پرسێکی ناوخۆیی عێراقە. ئاشکراشی کرد کە حکومەت پلانێکی نوێی بۆ ئەم دۆسیەیە هەیە و پرۆسەی قەتیسکردن و کۆنتڕۆڵکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە تا مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٧ بە کۆتا دەگات.
لە تەوەرێکی دیکەدا، فوئاد حوسێن باسی لە پرسی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران و سزاکانی ئەمریکا کرد. ڕایگەیاند کە بەغدا لەگەڵ واشنتن دەکەوێتە گفتوگۆ سەبارەت بەو سزایانەی کە کاریگەرییان هەیە لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران. هەروەها ڕوونیکردەوە کە حکومەتی عێراق لایەنی ئێرانی ئاگادار کردووەتەوە لە بابەتی قەدەغەکردنی گەشتەکان، کە دەرئەنجامی سزاکانی ئەمریکایە بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران و ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی خزمەتگوزاری بەو هێڵانە دەدەن کە سزاکەیان بەسەردا سەپێنراوە.
سەبارەت بە لێکەوتەکانی ململانێ و ئەو شەڕەی بەردەوامە، وەزیری دەرەوە ڕایگەیاند کە ئابووریی عێراق قوربانیی یەکەمی ئەو دۆخەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕوونیکردەوە کە عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە. هۆشداریشی دا کە هەر جۆرە پشێوی و تێکچوونێکی ئاسایشی دەریاوانی لەو گەرووەدا، جێگەی نیگەرانییەکی قووڵە بۆ بەغدا، بەو پێیەی عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت وەک سەرچاوەی بنەڕەتیی ئابوورییەکەی.