ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی نوجەبا، ئەکرەم کەعبی، ڕایگەیاند ئەگەر ڕێگرییەکانی سەر هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران لە عێراق هەڵنەوەشێنرێنەوە، پەنا دەبەنە بەر ئەنجامدانی مانگرتنی کراوە لەناو فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکەدا تا ئەو کاتەی بڕیارەکەی ئەمریکا دەشکێنرێت.
ئاوێنە: لە ڕاگەیەندراوێکدا، کەعبی ڕەخنەی توندی لە مامەڵەی هێزە سیاسییەکانی عێراق گرت و ڕایگەیاند: "قسەکردن لەسەر سەروەریی وڵات لە کاتێکدا عێراق کراوەتە گوندێکی بچووک و ئەمریکییەکان جڵەوی دەکەن، بە واتای پەیڕەوکردنی سیاسەتی دووڕوویانە دێت و ئەمەش بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە." هەروەها گلەیی و سەرکۆنەی تەواوی هێزە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کرد لەسەر ئەو هەڵوێستانەی کە بە "نالەبار" وەسفی کردن.
ئەمینداری گشتیی نوجەبا لە پەیامەکەیدا هۆشداری دا کە چاوەڕوانییەکانیان درێژە ناکێشێت، و وتی: "ئەگەر ئەم بابەتە چارەسەر نەکرێت و لەژێر هەژموونی ئەمریکا نەیێینە دەرەوە و پڕۆسەی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێراندا بە ڕەوانی دەست پێنەکاتەوە، ئەوا داوا لە هەمووان دەکەین ئامادەکاری بکەن بۆ مانگرتن لەناو فڕۆکەخانەکانی عێراق."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە هەر ئەمڕۆ، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرایکرد کە بەغدا بە فەرمی لایەنی ئێرانیی لە ڕاگرتنی گەشتی کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە ئاگادارکردووەتەوە، کە لە چوارشەممەی ڕابردووەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەتی عێراق بەنیازە لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا گفتوگۆ لەسەر ئەم سزایانە بکات، بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە فڕۆکەوانیی ئێران.
جێی باسە، لە ٨ی ئەیلولی ٢٠٢٦، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سەپاندنی سزا و سنووردارکردنی توندی بەسەر ٣٦ قەوارە و لایەنی پەیوەندیدار بە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا ڕاگەیاند، کە لە نێویاندا ٢٧ کۆمپانیای فڕۆکەوانی هەن. هاوکات واشنتن هۆشداری توندی داوەتە هەموو ئەو دەوڵەت و لایەنانەی کە خزمەتگوزاری پێشکەش بە کۆمپانیا ئێرانییە سزادراوەکان دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە و هەر لەم چوارچێوەیەدا، ئێوارەی ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق، ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە بڕیارەکەی ئەمریکا دەربڕی و داوای لە عێراق کرد کە پابەندی سزاکان نەبێت و فڕۆکەخانەکانی بەڕووی ئێراندا بە کراوەیی بهێڵێتەوە.