عه‌دنان فه‌یحان، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه كه بڕیاری حكومه‌تی عێراق بۆ جێبه‌جێكردنی رێكاره‌كانی ئه‌مریكا بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شتی فڕۆكه ئێرانییه‌كان له فڕۆكه‌خانه‌كانی عێراق، بڕیارێكی دیراسه‌كراو نییه‌و پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوره. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه كه ئه‌وان وه‌كو په‌رله‌مان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ناده‌ن عێراق ببێته شه‌ریك له گه‌مارۆدانی ئێران‌دا. ده‌شڵێت، وه‌كو په‌رله‌مان رێكاری كرداریمان ده‌بێت له‌دژی ئه‌وانه‌ی ده‌ستور پێشێل ده‌كه‌ن.
ئاوێنه: عه‌دنان فه‌یحان، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌مڕۆ شه‌ممه، راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی بڕیاری حكومه‌ت بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی قەدەغەکردنی گه‌شتی فڕۆكه ئێرانییه‌كان لە فرۆکەخانەکانی عێراقدا بڵاوكرده‌وه.
عه‌دنان فه‌یحان وتویه‌تی "پەیوەندیی جوگرافی، ئایینی، کۆمەڵایەتی و هەڵوێست و ئاڵەنگاریی هاوبەش، عێراق و ئێران بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەم هاوبەشییانە لەسەر ئێمە وەک دەوڵەت و گەلی عێراق پێویستی دەکات کە لە پەنای دراوسێ موسڵمانەکەی و گەلەکەیدا بوەستین، له‌وه‌ش زیاتر ئه‌مه ئەرکێکی شه‌رعی و.. ئەرکێکی ئەخلاقیشە."
وه‌ك ئه‌و وتویه‌تی "ئێران یەکەم دەوڵەت بو کە کۆگاکانی چەکی بۆ عێراق كرده‌وه و فه‌رمانده‌و ڕاوێژکارەکانی نارد بۆ عێراق لە ڕۆژانی ڕوبەڕوبونەوەی چەتە تەکفیرییەکانی داعشدا، لە کاتێکدا دەوڵەتانی دیکە تەماشاکەر بون، بەڵکو هەندێکیان بە پارە و چەک پشتیوانی‌یان لە داعش دەکرد. هەروەها ئێران ئەو دەوڵەتەیە کە گازی سروشتیی بۆ عێراق دابین دەکات سەرباری پێویستیی ناوخۆیی خۆی و سەرەڕای نەدانی ئەو بڕە پارە شایستانەی لەسەر شانی عێراقە کە ماوەی چەندین ساڵە گەیشتوەتە ملیاران دۆلار."
جه‌ختیشی كردۆته‌وه "ئەم بڕیارە بەپەلە و دیراسه‌نه‌كراوه لەگەڵ پڕەنسیپی بێلایەنی ناگونجێت و دژی دەستورە؛ چونکە ماددەی (٨)ی دەستور دەڵێت: عێراق 'پڕەنسیپی دراوسێیەتیی باش دەپارێزێت، پابەند دەبێت بە دەستوەرنەدان لە کێشە ناوخۆییەکانی دەوڵەتانی دیکە، هەوڵی چارەسەرکردنی ململانێکان بە هۆکاری ئاشتییانە دەدات، پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و مامەڵەی هاوشێوە دادەمەزرێنێت و ڕێز لە پابەندبونە نێودەوڵەتییەکانی دەگرێت'."
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو "سزا تاكلایه‌نه‌كانی ئه‌مریكا، پابەندبونی نێودەوڵەتی نین لەسەر عێراق تەنیا لەبەرئەوەی ئەو دەری کردون. بۆیه لەڕوی دەستوورییەوە ئه‌وه‌نده بەس نییە بڵێین: 'ئەمەریکا سزای سەپاندوە و بەوەش ئێمە پابەندین پێیەوە'، بەڵکو دەبێت به‌ڵگه‌یه‌كی یاسایی عێراقی یان پابەندبونێکی نێودەوڵەتیی به‌ركار لەسەر عێراق هەبێت کە پاساو بۆ ئەم ڕێکارەی دژی ئێران گیراوەتەبەر بهێنێتەوە."
جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشی وایه "ئەم بڕیارە پەکخستنی بوژانەوەی دۆخی ئابوری و گەشەپێدانە؛ چونکە زیانێکی گەورە و ڕاستەوخۆی بە جومگەیەکی گرنگی ئابوریی نیشتمانی گەیاندوە کە ئەویش گەشتوگوزاری ئایینییه. لە کاتێکدا گه‌شته ئێرانییه‌كان بە گواستنەوەی سەرەکیی سەدان هەزار زیارەتکاری ئێرانی و عێراقی لە نێوان هەردو وڵات‌دا ئەژمار دەکرێن، بە تایبەتی لە ڕێگەی هەردو فرۆکەخانەی بەغداو نەجەفەوە."
وتوشیه‌تی "قەدەغەکردنەکە دەبێتە هۆی پاشەکشەی ڕاستەوخۆ لە داهاتە گەشتیاری و بازرگانییەکان، زیانی کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانی و ئاژانسەکانی گەشتوگوزار، وەستانی کۆمپانیا گەشتیارییەکان و دابەزینی داهاتی رسوماتی تێپه‌ڕبون و رسوماتی ئاسمانی کە دەسەڵاتدارانی فرۆکەوانیی عێراقی لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زەمینی و ڕێنماییدا وەریدەگرن."
جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، دو پرسیاری ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی عێراق كردون و له یه‌كه‌میاندا وتویه‌تی "پلانتان چییە بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەو زیانەی لە ئەنجامی ئەم بڕیارەدا بەر کەرتی گەشتوگوزاری ئایینی و ئه‌وانه‌ی كار له‌و كه‌رته‌دا ده‌كه‌ن له خاوەن کۆمپانیا و هۆتێلەکان و خاوەن پیشە ئازادەکان، ده‌كه‌وێت، ئه‌وانه‌ی کار و بەرژەوەندییەکانیان پەکی دەکەوێت؟"
عه‌دنان فه‌یحان له پرسیاری دوه‌میدا بۆ حكومه‌تی عێراق وتویه‌تی "پلانتان چییە ئەگەر ئێران بڕیاری مامەڵەی هاوشێوە بدات و تەمویلکردنی عێراق بە گازی سروشتی ڕابگرێت و سیستەمی کارەبا داڕوخێنێت، لە کاتێکدا عێراق سێیەکی بەرهەمهێنانی وزەکەی لەدەستدەدات؛ چونکە ڕاگرتنی بەتەواوی دەبێتە هۆی لەدەستدانی ڕاستەوخۆی نزیکەی (30% بۆ 40%)ی توانای کارپێکردنی تۆڕی نیشتمانی، بەمەش کاتژمێرەکانی بڕینی کارەبا لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشور زیاد دەکات و کەرته گرنگه‌كان په‌كیان ده‌كه‌وێت: نەخۆشخانەکان، وێستگەکانی چارەسەرکردن و پاڵاوتن و پێدانی ئاو و مەڵبەندە خزمەتگوزارییە گشتییەکان؟"
ئه‌و جه‌ختیشی كردۆته‌وه كه په‌رله‌مان ئامادەیە بۆ ئه‌نجامدانی دانیشتنێکی نائاسایی لە حاڵەتی پاشگەزنەبونەوە لەم بڕیارە و هەنگاوی کرداریشی ده‌بێت لەگەڵ ڕێکاری چاودێری بەرامبەر ئەو لایەنانەی پێشێلی ده‌ستور ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها جه‌ختیشی كردۆته‌وه كه بڕیاری عێراق دەبێت بڕیارێکی نیشتمانیی سەربەخۆ بێت کە لە بەها و پڕەنسیپەکانی خۆیەوە سەرچاوەی گرتبێت و بەپێی پابەندبونە شەرعی، ئەخلاقی و دەستورییەکانی بێت و لەژێر گوشاری هیچ بارودۆخێکدا ڕێگە نادەین عێراق ببێتە شەریک لە گەمارۆدانی کۆماری ئیسلامی‌دا.